کەشناسی ڕایگەیاند، لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لیزمەباران دەبارێت و لە سبەینێشەوە کاریگەریی شەپۆلی بارانەکە لاواز دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە سەنتەرى پارێزگەى هەولێر و ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەى سەربەخۆى سۆران، کاریگەرى بارانبارین و شەپۆلى بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە نیوەڕۆ دووبارە بارانبارین دەست پێدەکاتەوە، لە دواى نیوەڕۆوە ڕێژەى بارانبارین زیاد دەکات بۆ لێزمە بارانى ناو بەناو، کاریگەى ئەم کەشە ناسەقامگیرە تا کاتەکانى شەو درەنگ دەمێنێتەوە.
ڕاشیگەیاند، لە سنوورى پارێزگەى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى ڕاپەڕین، کاریگەرى شەپۆلى بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە دواى نیوەڕۆ بارانبارین لەسەر ناوچە جیاجیاکانى سنوورى ئەم ناوچانە دەست پێدەکات، بارانبارین مامناوەند دەبێت، و بارانبارینى بە لێزمە لەسەر بەشێک لە ئیدارەى ڕاپەڕین و باکوورى پارێزگاى سلێمانى دەبێت، هەروەها لەگەڵ بارانبارینى بە لێزمە هەورە تریشقەش دەبێت.
سەبارەت بە سنوورى پارێزگەى دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆش ڕایگەیاند، ئاسمانى ئەم ناوچانە زیاتر نیمچە هەور دەبێت، کاریگەرى بارانبارین لەم ناوچانە بە شێوەى نمە بارانى پچر پچر لەسەر هەندێ ناوچە لە هەندێ کاتدا دەبێت.
کەشناسی هەرێمی کوردستان لە بارەی کەشوهەوای ئیدارەى گەرمیان و پارێزگەى کەرکووکیشەوە ڕایگەیاند، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، ئەگەرى نمە باران هەیە لە دواى نیوەڕۆ، لەشەودا کاریگەرى بارانبارین زیاد دەکات و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ بارانى مامناوەند.
سەبارەت بە سبەینێ دووشەممەش کەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلى بارانبارین بە گشتى لە سەر ناوچەکەمان لاواز دەبێت، ئاسمانى هەرێم نیمچە هەور دەبێت، بارانبارین بە شێوەى نمە باران و هەندێک کات بارانى مامناوەند لە سەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت، لە سەنتەرى پارێزگاکان نمە باران و هەندێ کات هەورە تریشقەش دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 21 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 21 پلەى سیلیزى
دهۆک: 24 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 24 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 21 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 26 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 12 پلەى سیلیزى
سۆران: 17 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 28 پلەى سیلیزى