لە سنووری پارێزگای کەرکوک بەهۆی بارانی بەلێزمە و لافاوەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی تریش بێسەروشوێن بوون.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندێكی سەر بە ناحیەی عەباسی قەزای حەویجە بەهۆی زۆریی بارانبارین و دروستبوونی لافاوەوە ژنێك خنكا و زیاتر لە 100 سەر مەڕو ماڵات لافاو بردوونی.
دوای دۆزینەوەی تەرمی ژنەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی حەویجە کراوە، و تیمەكانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتنیش سەرجەمیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە دوێنیوە هۆشداری دەدرێت لە هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، هاوکات سەرجەم تیمەکان لە شارو شارۆچکەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەسەڵاتیش بە پەروەردەکان دراوە بۆ ڕاگەیاندنی پشوو لەکاتی پێویستدا.