جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی ڕایگەیاند “هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکان تێ پەڕیوە، خەڵکی چاوەڕیی ئەوەیە کابینەی دەیەم دروست بکرێت، نەک بە بابەتی لاوەکی وەکو تەوتین، بەلاڕێدا ببرێت و دروست بوونی حکومەت پشتگوێ بخرێت.”
مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “کوردستان ئێستا خاوەنی بڕیاری یاسادانانە چاومان لەوەیە گفتوگۆکان بەزووترین کات دەست پێ بکەن، بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکانی بکات، بۆ ئەوەی حکومەتێکی بەهێز پێک بهێنرێت.”
دەشڵێت: “خاوەنی زۆرترین کورسی دەستپێشخەری دەکات بۆ ئەوەی گفتوگۆکان دەست پێ بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی 10یەمی حکومەت، ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان چاوەڕێ دەکەین مەسرور بارزانی، ڕاسپێردرێ بۆ ئەوەی دەست بە هەنگاوەکانی کابینەی 10یەم بکات و چاومان لەوەیە بە کارایی بەشداریی بڕیارە سیاسییەکان بکەین، لە پۆستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.”
دەشڵێت: “ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان، کلدان سریان، ئاشوور، ئەرمەنیش زۆر نیگەران بووین لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان لە سەر بازنەکان، چونکە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکەمان نەبوو، ئێمە مافەکانمان دەستەبەر کردبوو بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان کە تێپەڕێنراوە.”
قەهوەچی، ئاماژە بەوەش دەکات کە “جێگەی نیگەرانییە یەک کورسیمان بەدەست هێناوە لە پارێزگای هەولێر، لە کاتێکدا پێکهاتەی دووەم تورکمانە و زۆرینەی دانیشتووانی تورکمان لە پارێزگای هەولێرە.”
ڕاشیگەیاند، “هەفتەیەک بەسەر هەڵبژاردنەکان تێ پەڕیوە خەڵکی چاوەڕیی ئەوەیە کابینەی 10یەم دروست بکرێت، نەک بە بابەتی لاوەکی وەکو تەوتین، بەلاڕێدا ببرێت و دروست بوونی حکومەت پشتگوێ بخرێت، دەیانەوێت دەنگ و مافی خەڵکی و بابەتە گرنگ و سەرەکییەکان فەرامۆش بکرێن.”