پەرلەمانتارێکی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێی ڕایگەیاند، بۆ پشتیوانی لە تەوتینی مووچە واژۆی 14 سەرۆک فراکسیۆنی کوردستانی و عێراقیمان کۆکردووەتەوە و هەڵمەتەکەش بەردەوامە.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پشتیوانی و فشار بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بارەی تەوتینی مووچەی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە”.
وتیشی: “تا ئێستا 145 پەرلەمانتار و سەرۆکی 14 فراکسیۆنی کوردستانی و عێراقی واژۆیان کردووە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت تا زۆرترین پەرلەمانتارو فراکسیۆن پشتیوانی داوای مووچەخۆرانی کوردستان بکەن بۆ تەوتینی مووچە”.
ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاووڵاتیی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند ئامادەیە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.
حکومەتی هەرێم لەبەرامبەردا دەڵێت، دابینکردنی مووچەی کەرتی گشتی دەبێت لە ڕێگەی سیستەمی هەژماری منەوە بێت.