سیناریۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم



دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، گەورەترین فڕاکسیۆنی نێو پەرلەمان ماوەی ٩٠ ڕۆژی لەبەردەستدا دەبێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەر بۆیە لەم ماوەیەدا، سەردان و گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان دەست پێدەکات تا لەماوەی یاسایی دیارییکراودا بتوانرێت حکوومەت پێکبهێنرێت.

 

لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەدەستهێنانی ٨١٢٧٩٤ دەنگ بووەتە گەورەترین فڕاکسیۆن، لە دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەدەستهێنانی ٤٠٩٥٤٨ دەنگ بووەتە دووەم گەورەترین فڕاکسیۆنی نێو پەرلەمان، نەوەی نوێ بە بەدەستهێنانی ٢٩٢٠٣٢ دەنگ بووەتە سێیەم گەورەترین فڕاکسیۆنی نێو پەرلەمان و پێشبینی دەکرێت سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی چوار ساڵی داهاتوو بکات.

بەپێی ئەنجامە فەرمییەكان، لەم هەڵبژاردنەدا، کورسییەکانی لایەنە سیاسییەکان بەمشێوەیەن؛

پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی.

نەوەی نوێ ١٥ کورسی.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ٧ کورسی.

ڕەوتی ھەڵوێست ٤ کورسی.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ٣ کورسی.

بەرەی گەل ٢ کورسی.

بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی و ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ١ کورسی.

ئەگەرچی کۆمەڵی دادگەریی کە خاوەنی ٣ کورسی پەرلەمانییە و بڕیاریداوە نەچێتە پەرلەمان، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە نەچووەتە قۆناغی کۆتایی و هێشتا گفتوگۆکان لەمبارەیەوە بەردەوامن، بە نەچوونی کۆمەڵی دادگەریی بۆ پەرلەمان، ئەوا کورسییەکانییان بەسەر دوو گەورە فڕاکسیۆنی ناو پەرلەمان دابەش دەبێت و بەم پێیەش پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک کورسییەکەی کۆمەڵی دادگەریی بەردەکەوێت و ژمارەی کورسییەکانییان بەرز دەبێتەوە.

سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەت

کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بریتییە لە ١٠٠ کورسی، بەمەش بۆ پێکهێنانی حکوومەت (٥٠+١)ی کورسییەکانی پەرلەمانی پێویستە، ئەگەرچی پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی ٣٩ کورسی پەرلەمانییە و پێویستی ١٣ کورسی دەبێت بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، بەڵام لە یەکەم دەستپێشخەریدا، پێشبینی دەکرێت سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دووەم گەورەترین هێزی هەرێم بکات، چونکە لە کابینەکانی ڕابردووشدا وەک دوو هێزی سەرەکی حکوومەتییان پێکهێناوە.

پارتی، وەک گەورەترین فڕاکسیۆنی ناو پەرلەمان، مەبەستیەتی زۆرترین هێز و لایەنە سیاسییەکان بەشداری حکوومەت بکەن، بەمەش دوو ئامانج دەپێکێت، یەکێکیان ئەوەیە کە هەر هێزێک بەپێی قەبارەی خۆی پۆستی پێ بدرێت بەو واتایەی بەشداربێت نەک هاوبەش، دووەمیان ئەوەیە کە ئەگەر هەر هێزێک لە حکوومەت کشایەوە، ئەوا کاریگەری لەسەر کابینەی حکوومەت دروست نەبێت و هەڵنەوەشێتەوە و نەچێتە قۆناغی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها بەهۆی ئەو ئەزموون و کێبڕکێیەی لە ڕابردوودا لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان هەبووە، پێدەچێت ئەمجارە پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی قورسی بۆ لایەنەکانی بەشداربووی حکوومەت هەبێت و بێگومان ئەمەش پێکهێنانی کابینەی نوێ کەمێک دوادەخات.

هەرچەندە لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمانی نزیکەی ٢٤ کورسی وەک ئۆپۆزسیۆن بوون و ئەوانی دیکە بەشێکیان لە حکوومەت و بەشێکیان پاڵپشتی حکوومەت بوون، بەڵام لەم خوولەی ئەمجارەدا، نەوەی نوێ توانیوویەتی گۆڕانکاری لە هاوکێشەی هێزدا بکات و بەمەش ئەگەر بەشداری حکوومەت نەکات ئەوا هێزی ئۆپۆزسیۆن هێزێکی گەورەتر دەبن لەناو هۆڵی پەرلەماندا و پێشبینی دەکرێت لەم خوولەی پەرلەماندا ٣١ کورسی بەدەست ئۆپۆزسیۆنەوە بێت.

سیناریۆی یەکەم، بریتییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی و ٥ کورسی پێکهاتەکانیش لە کۆی گشتی دەبێتە ٦٧ کورسی پەرلەمانیی و دەتوانن حکوومەت پێکبهێنن و، بەمەش ٣٣ کورسی وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە.

سیناریۆی دووەم، یەکێکە لە سیناریۆ پێشبینییکراوەکان، بریتییە لەو هێز و لایەنە سیاسیانەی کە لە کابینەی نۆیەم لە حکوومەت بوون، ئەوانیش بریتیین لە پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسی، هەروەها پێکهاتەکان ٥ کورسی، بەمەش دەتوانن بە ٦٩ کورسی کابینەی دەیەم پێکبهێنن و، ٣١ کورسیش وەک ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان بمێننەوە.

سیناریۆی سێیەم، ئەمەش یەکێکە لە سیناریۆ هەرە بەهێزەکان، ئەویش بریتییە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسی، هەروەها پێکهاتەکان ٥ کورسی، بەمەش کۆی کورسییەکانی بەشداربووی لە حکوومەت دەبێتە ٧٥ کورسی و ٢٥ کورسیش وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە.

سیناریۆی چوارەم، بریتییە لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسی و پێکهاتەکان ٥ کورسی، بەمەش دەبن بە ٥٨ کورسی و لە بەرامبەریشدا ٤٢ کورسی پەرلەمانی دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، بێگومان ئەمەش حکوومەتێکی سەرکەوتوو نابێت چونکە لەم حاڵەتەدا دوو هێزی سەرەکی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان+نەوەی نوێ) کە هاوکات خاوەنی دوو گەورەترین دەزگای ڕاگەیاندنن وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر داهاتووی حکوومەت دەبێت.

سیناریۆی پێنجەم، بریتییە لە پێکهێنانی حکوومەتێک بەبێ پارتی، ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان ١ کورسی و پێکهاتەکان ٥ کورسی، بەمەش ژمارەی کورسییەکان دەبێتە ٥٧ کورسی، بەڵام ئەمە یەکێکە لە سیناریۆ هەرە لاوازەکان، بەپێی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەرکردایەتی حکوومەتی هەرێمی لە ئەستۆ بووە و بڕیاریشیداوە کە خۆی حکوومەتی نوێ پێکبهێنێت.

سەعدی پیرە: لە سلێمانی بڕیاردراوە کار بە هەژماری من نەکرێت
پێت سەعدی پیرە: لە سلێمانی بڕیاردراوە کار بە هەژماری من نەکرێت
بۆ تاوتوێی “رێگەی گەشەپیدان”وەزیرانی چوار وڵات لە بەغدا کۆدەبنەوە
دوات بۆ تاوتوێی “رێگەی گەشەپیدان”وەزیرانی چوار وڵات لە بەغدا کۆدەبنەوە
پەیوەنیدر