ئێران؛ چاوەروانی “وەڵامێکی ئازاربەخش” بن



زانیارییەکان ئاماژەبەوە دەکەن؛ ئێران بە “وەڵامێکی کۆتایی و ئازاربەخش” هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و ڕەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، وەڵامی هێرشەکانی جەند ڕۆژی ڕابردوو بداتەوە.

 

بە وتەی ئەڤیگدۆر لیبەرمان ئەندامی کنێستی ئیسڕائیل، ڕەنگە ئێران لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و هۆشداری دا”وەڵامدانەوەی ئێران دوو ئەوەندەی هێرشەکانی ئیسرائیل”ن.

 

لیبەرمان بە هۆشدارییەک پەیامی داوەتە سوپای وڵاتەکەی کە “چاوەڕوان نەکەن تا ئێرانییەکان هەڕەشەکانیان جێبەجێ دەکەن”.

 

لەلایەکی دیکە سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە گفتوگۆکانی ئێران، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٣٠/١٠/٢٠٢٤ ، بۆ سی ئێن ئێنی پشتڕاستکردووەتەوە؛ ئێران وەک وەڵامێکی “کۆتایی و ئازاربەخش”، هێرش دەکاتەوە سەر ئیسرائیل وەک تۆڵە بەرامبەر هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر خاکەکەی و ڕەنگە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئێران تۆڵەی خۆی بکاتەوە.

 

سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە نەکردووە کە ئەو سەرچاوەیە زانیارییەکانی لە کوێوە وەرگرتووە، بەڵام لە قسەکانیدا ڕوونە کە ئەو سەرجاوە ئێرانییە وتویەتی: وەڵامدانەوەی ئێران بۆ دەستدرێژیییەکانی ئیسڕائیل یەکلاکەرەوە و بە ئازار دەبێت.

 

هاوکات کۆشکی سپی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ڕێگەی کارین جان پیێری وتەبێژییەوە، داوای لە ئێران کرد هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل و ڕایگەیاند، “ئەگەر ئێران هێرش بکات، ئێمە پشتگیری ئیسرائیل دەکەین بە بەرگریکردن لە خۆی.

 

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکردووە، ناتوانێت هەڵسەنگاندنێک بکات بۆ ئەوەی ئێران چی دەکات و وەڵەمەکەی چۆن دەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە “پێویست ناکات ئێران وەڵام بداتەوە”.

 

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی تشرینی یەکەم، وەک کاردانەوەیەک دژ بە هێرشە مووشەکییەکەی ١ی تشرینی یەکەمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، تەلئەبیب چەند ناوەندێکی سەربازیی لە تاران، خوزستان و ئیلام لە قووڵایی خاکی ئێران کردە ئامانج.

 

بە پێی راگەیانراوێکی سوپای ئیسرائیل چەند ناوەندێکی سەربازیی لە ئێران کراونەتە ئامانج و “ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهاتووە”.

 

تەلەفیزیۆنی فەرمی ئێران هێرشەکانی پشتڕاست کردووەتەوە و سوپای ئەو وڵاتەش لە ڕاگەیاندراوێکدا کوژرانی چوار سەربازی خۆی لە میانی هێرشەکاندا ڕاگەیاند.

 

کۆمسیۆن: دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کرایەوە
پێت کۆمسیۆن: دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کرایەوە
کەشناسی هەرێم: بارانبارین دەستپێدەکات
دوات کەشناسی هەرێم: بارانبارین دەستپێدەکات
پەیوەنیدر