ئەمڕۆ چوارشەممە 30/10/2024 لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی ڕاوێژكاری وەزارەت و د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەڵەبجە، ئێدگار مراد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای خطیب و علمي و كارناس حوسێن، بەڕێوەبەری پڕۆژە و میشیل ابورجێلی پلانساز و بەسام الزێنی، پسپۆری ئابووری- کۆمەڵایەتی لە كۆمپانیای ناوبراو كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە هەنگاوەكانی كاركردن و بەرەوپێشچوونی پڕۆژەی ماستەرپلانی هەڵەبجە بەڕێوەچوو.
لە ماوەی ڕابردوودا، گرێبەستی پڕۆژەی ماستەرپلانی شاری هەڵەبجە ڕۆژی پێنجشەممە 26ی ئەیلوولی 2024، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەڵەبجە و كۆمپانیای خطیب و علمي، بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار واژوو كرا.
 شایەنی باسە لە کۆبونەوەکەدا ساسان عەونی، چەند ڕێنماییەكیشی دایە لێژنەكان و تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار تا باشترین ماستەرپلان بۆ هەڵەبجە دابندرێت بۆ ئەوەی شارەكە ببێتە هۆی دیاریكردنی ئاراستەی فراوانبوونی شارەكە و خواستی هاووڵاتییانی شارەكەی تێیدا بەدی بهێندرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگەكانی شارەوانی و حكوومەت لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار كردەوە لەپێناو ئەوەی ئەو پڕۆژەیە لە كاتی خۆیدا تەواو بكرێت.