ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەشاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، چاویکەوت بە شێخە موزا بنت ناسڕ، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی قەتەر بۆ پەروەردە و زانست و پەرەپێدانی کۆمەڵگە لەپەراوێزی کارەکانی کۆنگرەی ساڵانەی نێودەوڵەتی بۆ خێزان لەخولی سییەمینیدا.
لەمیانی دیدارەکەدا، شێخە موزا بەخێرهاتنی خانمی یەکەمی کرد و خۆشحاڵی نیشاندا بۆ بەشداریکردنی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەکۆنگرەکەدا، ئاماژەشی بەهەڵوێستە مرۆییەکانی کرد لەهەموو ئاستەکاندا.
خانمی یەکەم خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ دیداری شێخە موزا و بەمرۆڤێکی وەسفکرد کە پڕ بە واتای وشە مرۆڤە و دووپاتیکردەوە مرۆڤێک ئەگەر هەست بەبەرپرسیارێتی نەکات لەبەرامبەر خێزان و منداڵدا، مرۆڤ نییە.
لەدیدارەکەدا چالاکییەکانی کۆنگرەی ساڵانەی نێودەوڵەتی بۆ خێزان و دەرەنجامەکانی تاووتوێکرا، کە لەبەرژەوەندی گەلان و پشتیوانی رۆڵی خێزان لەبەرەوپێشبردنی واقیعی کۆمەڵگەدا بێت.
هاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی قەتەر، باسی لە عێراق و مێژووە دێرینەکەی کرد، کە ئەوکات و ئێستاش وڵاتێکی پێشەنگی بوارە جیاوازەکانە بەتایبەت لەبوارەکانی فێرکردن و پزیشکی و رۆشنبیریدا. هەروەها هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بۆ گەلی عێراق خواست کە خاوەنی ئەو هەموو کەسە ژیر و لێهاتووە زانستی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەیە و جێی شانازییە.