“شیعە ئاوارەی لوبنانی دەباتە خانەقین و كوردیش بە گومانە”



یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پێشوازیکردن لە ئاوارە لوبنانییەکان لە پارێزگای دیالە ڕایدەگەیەنێت، هەتا ئێستا 32 خێزانی ئاوارەی لوبنان ڕوویان لە قەزای خانەقین کردووە و 19 خێزانیان نیشتەجێ بوون لە قەزاکە، لە کاتێکدا 13 خێزانیان ڕۆیشتوون بۆ کەربەلا و نەجەف.

حسێن محەمەد، کەسایەتی کوردی شیعە و یەکێکە لە سەرپەرشتیارانی پێشوازیکردن لە ئاوارە لوبنانییەکان، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “ئەو خێزانانەی لە خانەقین نیشتەجێکراون ژمارەیان نزیکەی 60 کەسە، خانوویان بە کرێ بۆ گیراوە و بارودۆخیان زۆر باشە.”

بەهۆی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، کە شەڕەکە درێژکراوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسە، هەزاران هاووڵاتی لوبنانی ئاوارەی وڵاتانی عێراق و سوریا بوون.

لە کاتێکدا بەرپرسانی کورد بە گومانەوە لە هاتنی ئاوارەی لوبنانی بۆ هەندێک ناوچەی کێشە لەسەر لە نێویاندا کەرکوک و خانەقین دەڕوانن، بەڵام هێزە شیعەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە زۆرترین ئاوارەی ئەو وڵاتە.

حسێن محەمەد وتی، “ئاوارە لوبنانییەکانی خانەقین بارودۆخیان باشە هەرچەندە هەتا ئێستا لەلایەن حکومەتەوە شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە، بەڵام وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هاتووەتە سەر هێڵ.”

وتیشی، “بە هەماهەنگی خەڵکی خانەقین شوێن بۆ ئاوارەکان دابینکراوە و باشترین خزمەتیان پێشکەش دەکەین.”

قەزای خانەقین، یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق لە پارێزگای دیالە، زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن و تێکەڵەن لە کوردی شیعە و سونە و کاکەیی.

بەرپرسێکی کورد لە قەزای خانەقین، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “هێنانی ئاوارەی لوبنانی بۆ خانەقین بۆ کوردەکان مایەی نیگەرانی و گومانە، چونکە لەم هەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەیە هێنراونەتە خانەقین.”

وتیشی، “هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی لوبنانی لە خانەقین نیشتەجێ نەکراون کە مایەی مەترسی بێت، بەڵام گەر ژمارەکە ڕوو لە هەڵکشان بکات ئەوکات گومانەکان قوڵتر دەبنەوە.”

سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانی خانەقین، لە بارەی نیشتەجێکردنی ئاوارەی لوبنانی لە خانەقین، تەنها ئەوەندەی بە (دەنگی ئەمریکا) ڕاگەیاند، “بیستوومە ئاوارە هاتووەتە خانەقین، بەڵام ئاگام لە وردەکاری نییە.”

نیشتەجێکردنی ئاوارەی لوبنانی لە عێراق و ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنیا گومانی لای کورد دروست نەکردووە، بەڵکو لە نێو بەشێک لە شەقامی عەرەبی سوننەشدا مقۆمقۆی لێکەوتووەتەوەو پێیانوایە، لە کاتێکدا پێشوازی لە ئاوارەی لوبنانی دەکرێت هێشتا بەشێک لە ئاوارە سوننەکانی سەردەمی شەڕی داعش نەگەڕێنراونەتەوە سەر ماڵ ‌و حاڵیان.

نەخشەیەک شوێنی ڕاستەقینەی کەشتی نوح دیاری دەکات
پێت نەخشەیەک شوێنی ڕاستەقینەی کەشتی نوح دیاری دەکات
“سودانی هەوڵی داوە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات”
دوات “سودانی هەوڵی داوە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات”
پەیوەندیدر