سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵی داوە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات و دەشڵێت: تورکیا لە بابەتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا یارمەتیدەر بووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیداری مێری لە هەولێرەوە ڕایگەیاند، دەبێت مۆدێلێك بدۆزینەوە چۆن لەگەڵ بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەین و ئەوەش سەرەتا بە حكومەتێكی یەكگرتوو و وتیشی، “دەكرێت دەبێت كێشەكانی هەرێم لە چوارچێوەی عێراق چارەسەر بكەین”.
ڕاشیگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ هەوڵی داوە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات.
وتیشی، “پێویستە نەوتی هەرێمی کوردستان وەک عێراق لە ڕێگەی بۆرییەوە هەناردە بکرێت و تورکیا لە بابەتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا یارمەتیدەر بووە”.
ئاشكراشی كرد، عێراق بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم زیانی 15 ملیار دۆلاری لێكەوتووە.
جەختیشی كردەوە، ئێمە دەمانەوێت فاكتەری ئاشتی بین لە ناوچەكە و سەردانەكانمان بۆ توركیا و ئێران بە ئاگاداری بەغدا بووە و بە هەماهەنگی هەردوولا بووە، بۆیە هەرێم فاكتەری هاوكارییە بۆ عێراق.