سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی هەژماری من نەخراوەتە دەنگدانەوە و تەنها لە پرزنتەیشنێكدا باسكراوە و دەشڵێت: چاوەڕێ مەکەن پاشگەزبینەوە لەو قسانەی لە کاتی بانگەشەدا کردوومانن.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە دیداری مێری لە هەولێر ڕایگەیاند، “کاک نەوشیروان بە جیابوونەوەی لە یەکێتی گەورەترین هەڵەی کرد و باڵانسی هێزی لە هەرێمی کوردستان تێکدا”.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕێککەوتن نەکرێت، پێشبڕکێ بۆ کۆکردنەوەی زۆرینە دەستپێدەکات و ئامادەین لەگەڵ هەموو لایەک ڕێکبکەوین.
وتیشی، “بۆ پارتی کاول بکەم، باپیری خۆم دایمەزراند، پارتی هیچ ستراتیژێکی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا نەبوو، هەرگیز هاوڕێیەک و دوژمنێکی وەک یەکێتیتان دەست ناکەوێت”.
بافڵ تاڵەبانی جەختیشی كردەوە، پڕۆژەمان بۆ ڕێکخستنەوەی هەموو هەڵەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و چاوەڕێ مەکەن پاشگەزبینەوە لەو قسانەی لە کاتی بانگەشەدا کردوومانن.
سەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەكرد، بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ئامادەین و ئەگەر نەتوانین کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەین، دەبێت هەڵبژاردنێکی دیکە بکەین و لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا ئامادەین بۆ دانوستان.
دوابەدوای پانێڵەكەش لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان، بافڵ تاڵەبانی وتی، “پڕۆسەی هەژماری من نەخراوەتە دەنگدانەوە و تەنها لە پرزنتەیشنێكدا باسكراوە، ئەوە كەی پێی دەوترێت دەنگدان، بەڵام بڕیاری دادگای فیدڕاڵی هەیە لە بەغدا بۆ تەوتینی مووچە و خەڵك ئازادە و ئەوەی دەیەوێت بە ئاسانی بۆ خۆت ئازاد نەبیت لە هەڵبژاردنی بانك بۆخۆت”.