ئیسلامیەكان پاشەكشەیان كردووە یان تەزویریان لێكراوە ؟!



پ. د. سەعید علی محەمەد

زۆربەی بیرمەندی ئیسلامیی و پسپۆڕو شارەزایانی بواری سیاسەت پێیان وایە كاتێك ئیسلامیەكان لە هەڵبژاردنە گشتیەكاندا بەرانبەر بە لایەنەكانی تر دەیدۆڕێنن و شكست دەهێنن پێویستە لەسەریان لەجیاتی خۆپینەكردن و خۆدزینەوە و بەخشینەوەی تۆمەت بەم لاو بەولاو تاوانباركردنی بەرانبەر بە پیلان و فێڵ و تەڵەكە و تەزویر ئازایانە بەخۆیاندا بچنەوە و خاڵە نێگەتیڤ و لاوازەكانیان دەست نیشان بكەن و چارەسەری دروست و پێویست بۆ ئاییندە بدۆزنەوە.

ڕاستە بەكارهێنانی هێزو دەسەڵات و توانای ماددی و دارایی گەورە و دەزگای ئیعلامی زەبەلاح و پشتیوانی نێودەوڵەتیی و هەرێمیی و سەفقەی پەنهانی گوماناوی و تەزویرو دەستكاریكردنی دەنگەكان لە بەرژەوەندی لایەنێك یان چەند لایەنێكی دیاریكراودا كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەنجام و كۆی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان و ژمارەی كورسیەكان هەیەو هەبووەو لە داهاتووشدا هەردەیبێ ، بەڵام ناكرێ ئێمەش خۆمان گێل و بێ ئاگا بكەین و چاوپۆشی لە هەڵە و كەموكورتیەكان بكەین و بە فۆڕم و ناوەڕۆكی بەرنامە و پلان و ستراتیژو گوتارو كاری حیزبیی و ڕێكخراوەیی و ئیسلامیی خۆماندا نەچینەوە كە دەكرێ من لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بە پەلە ئاماژە بە هەندێكیان بكەم :

یەکەم : هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر وا تێبگەین هەڵگرتنی دروشمی بریقەداری بێ كردەوە و گەرم كردنی مەكینەی ئیعلامی دژی دەسەڵات و حكومەت و دووبارە كردنەوە و سەد بارەكردنەوەی كۆمەڵێك دەستەواژەی بێ ناوەڕۆك و بێ كاریگەر لەبەردەم كامێراكاندا لە بۆنە جیاجیاكاندا لەبەرانبەر بەرپرسان و بەكارهێنانی زمانی موهاتەرات و ناشیرین كردنی حیزبەكان و دەسەڵات و بەرپرسەكانیان، ئەم ریتمە لە گوتاری سیاسیی دەتكاتە فریشتەی ئاسمان و دڵسۆز و خەمخۆری جەماوەرو خاك و نیشتمان و ئیتر تۆ بەرەی جەماوەرو بردنەوەی كورسیەكانی هەڵبژاردنی داهاتووت بۆ خۆت مسۆگەر كردووە ! لە كاتێكدا جەماوەر زۆر هۆشیارە و بەم جۆرە گوتارە ڕزیوە سواوە تەقلیدیە نا خەڵەتێ و زۆر زیرەكانە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و لێهاتوو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ساختە و موزەییەف و خاوەن دەیان فەزاحەت و دۆسیەی قەڵب و ناشیرینی پشت پەردە لە ڕابردوودا چاك جیادەكاتەوە و دەناسێت.

بۆیە خەمخۆریی و دڵسۆزیی تەنها سنگ دەرپەڕاندن و خۆسووركردنەوە و وتاری ئاینی عاتیفی و قسەی بریقەداری بەردەم شاشە و خستنەڕووی چەند جارەی داتای جۆراو جۆری بێ كەڵك و باوەڕ پێ نەكراو نیە ، بەڵكو بەرگریكردن لە جەماوەرو گێڕانەوەی مافەكانیان و بەگژداچوونەوەی دەسەڵات و گەندەڵی و نادادیی خۆی لە بەرنامە و پلانی گشت گیرو ستراتیژو گوتاری عەقڵانیی و قوربانیدانی حەقیقی و سەلماندنی پەرێز پاكی و ئەمانەت و بەرائەت و بڕیاری سیاسی سەربەخۆو ئازایانەی دوور لە كاریگەری و فشاری ئەم لاو ئەولا دەبینێتەوە ، بڕیاری ستراتیژیی لە بەرژەوەندی گشتی ئەگەرچی دەست لەکارکێشانەوەی کەسی یەکەمی حیزب ، یان زەرەرو مەترسی لەسەربەشێک لەبەرژەوەندیەکانی حیزب و بەرپرس و ئەندامەكانیشی بەدواوە بێت.

دووەم : كاندیدكردنی كەسانی نەشیاوو ناشارەزاو نەزان لە سیاسەت و كۆڵەوار لە گوتارو دەربڕین و لاوازو بێ توانا لەڕووبەڕووبونەوەی بەرانبەرەكانیان ، لەمەش خراپتر هەندێ جار هێنان پێشەوە و پێشكەشكردنی كۆمەڵە دەم و چاوێكی سواو و بێزراو و دووبارە بوەوە ، یان هێنانە پێشەوەی چەند جارەی کەسانی خزم و نزیك لە ڕابەرو سەرۆك و ئەمیرو خەلیفە کەئەمەش هەڵەیەکی کوشندەیەو دەنگدەر توڕەو  بێزار دەکات.

سێیەم :  نەبوونی قیادەی كاریزما : نوخبەی ئیسلامیی ساڵانێكی دوورو درێژە بەدەست قیادەی لاوازو تەقلیدیی و چەندین جار دووبارە بووەوە گیرۆدە بووە! چەند دەموچاوێك لە زەمەنی ئادەمەوە لە كۆنگرە بۆ كۆنگرە پاش و پێش و سەروخواریان پێدەكرێ و پێیان دەوترێ ( ئه ندامى شورا و سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی)، كە خاوەن هیچ داهێنان و بەرهەم و تازەگەریی و ستراتیژو پڕۆژەیەكی دەعەویی و سیاسیی و ئیعلامیی و كۆمەڵایەتیی نەوعی ئەوتۆ نین بتوانێت تەكان و گۆڕانكاریی نەوعیی لە ئاست ناوخۆو دەرەوەی حیزبدا دروست بكات! بتوانن لە ئاست ئەو پەیمان و بەڵێنەدا بن كە بە ئەندام و كادیرو لایەنگری حیزبەكەی خۆیان داوە! دیارە ئەمەش یەكێكە لە پاڵنەرو هۆكارە سەرەكییەكانی دابەزینی ئاستی پشتیوانیی و متمانەی جەماوەریی و چیتر چاوەڕێ نەكردن و پشت نەبەستنی ڕای گشتی بە ئیسلامیی سیاسیی لە بەدیهێنانی ئاواتەكان و دەستكەوتە مەزنەكان.

چوارەم :  ئیسلامییەكانی كوردستان لە هیچ قۆناغێك لە قۆناغەكانی كاری سیاسیی خۆیان و بارودۆخە جیاوازەكانی كوردستاندا وەك ئێستا پێویستیان بە یەكڕیزیی و كاری پێكەوەیی نەبووە ، واتە ئەوەندەی دروستكردنی لیستێكی ئیسلامیی بۆ ئەم قۆناغە و بۆ ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنە زەروور بوو دەیتوانی بۆشاییەكی گەورەی سیاسیی لە كوردستاندا پڕ بكاتەوە و، ئیسلامی حەرەكیی لە كوردستان لە متبوون و سڕبوون و سست بوون ڕزگار بكات و، هەناسە و خوێنێكی تازەش بەبەر كاری ئیسلامیی بكاتەوە و، گوڕوتین و متمانەیەكی زیاتریش بە كاری حیزبیی و ڕێكخراوەییدا ببەخشێت ، بەتایبەت لەم قۆناغەدا كە چەندین تاقم و دەستە و ناونیشان بەناوی ئیسلامەوە لێرەو لەوێ بۆ دژایەتیكردن و بێ متمانەكردنی ئیسلامییەكان دروست كراون و هێنراونەتە پێشەوە ، بۆیە ئەندام و لایەنگرو هەواداری هەر سێ لایەنە ئیسلامییەكە ئاواتەخواز بوون تاكە لیستێكی ئیسلامیی هەبووایە و بیتوانیایە هەمووانی لەخۆی كۆبكردایەتەوە و ژمارەیەكی پێوانەیی لە بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانییدا بۆخۆی تۆمار بكردایە بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا كاریگەریی لەسەر بڕیاری سیاسیی لە كوردستاندا دروست بكات و تەرازووی هێز تا ئەندازەیەك بگۆڕێت ، بەڵام لە ڕاستیدا نەبوونی ئەو یەك لیستە ئیسلامیە ( کە ئیسلامیەکان تا ئێستاش وەڵامێکی دروست و کۆنکرێتیان بۆ ئەو پرسیارە پێ نیە ) زۆرێك لە جەماوەرە ئیسلامییەكەی بێزارو بێ ئومێد كردووە و، جۆرێك لە دوودڵی و هەندێ جار بەدگومانی و ڕەشبینیشی بەرانبەر ئیسلامییەكان دروست كردووە!

پێنجەم :  لە كوردستاندا زۆرێك لەو حیزب و لایەنانەی كە لە ڕابردوودا دروشمی ئۆپۆزسیۆن بونیان بەرز كردبوویەوە ( بەئیسلامیی و نا ئیسلامییەوە ) لە واقیعدا هەڵگری سیفەت و تایبەتمەندییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستگۆ و ڕاستەقینە نەبوون ، ئەم حاڵەتە كاریگەری خراپ و نەرێنی بێ ئەندازەی  لە زیهنیەتی تاكی كوردیدا دروست كردووە و، بێ هیوایی و بێ متمانەیی یەكی تا سەر ئێسقانی بەرانبەر كۆی پڕۆسەی سیاسیی و دیموكراسیی و سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكان بە هەموو ئاڕاستەكانیانەوە هێناوەتە ئاراوە ! جەماوەر سەری لێشێواوە و نازانێ لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگ بە چ لایەنێك بدات ، تاکی کوردی  چیتر متمانەی بە هیچ یەكێك لەو ڕەنگ و فۆڕمانە نەماوە ، چونكە هەموویان بە لای هاووڵاتی یەوە  بە فیعلی و بە واقیعی تاقیكراونەتەوە و، زۆربەشیان خاوەن هیچ گۆشە نیگا و بەرنامەیەكی سیاسیی چاكسازیی تۆكمەی ئەوتۆ نەبوون و، بەدرێژایی قۆناغەكانی ڕابردوو هیچ شتێكیان نەگۆڕیوە و، بارودۆخەكە وەك خۆیەتی و بەڵكو خراپتر لە جاران قەیرانەكان درێژەیان هەیە!

ئەو لیست و قەوارانەی كە لە ساحەی سیاسی كوردستاندا و لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا وەك بەرەی ئۆپۆزسیۆن و جەماوەر خۆیان نمایش دەكرد و،  هەڵپە و بەرنامەسازییان بۆ كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازییەكان دەكرد ، هەمان تایپە كۆنەكان بوون و هەمان سیاسیی و دەم و چاوەكانی ڕابردوو بوون ، كە لای جەماوەر نەیانتوانیوە هیچ  دەستكەوتێكی گەورەی نەوعیی بەدەست بهێنن و، هیچ جۆرە گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە سیستەمی حوكمڕانی و فەرمانڕەوایی لە كوردستاندا بهێننە كایەوە ، بە مانایەكی تر واتە لە كوردستاندا تا ئەم چركە ساتەش هیچ ئۆپۆزسیۆنێكی نوێی ڕاستەقینە چ لەڕووی بەرنامە و پرۆژەوە چ لەڕووی كاراكتەرە پێشكەش كراوەكانەوە بەدی نەکراوەو ناکرێ !

شەشەم :  ئیسلامییەكان لە بایەخ و گرنگی (ڕەخنە و ڕەخنە لەخۆگرتن) تێدەگەن و دەزانن (ڕەخنە لە خۆگرتن) چ ڕۆڵێكی كاریگەری هەیە لە بەهێزبوون و گەشەكردن و نوێبوونەوەیاندا و، چ قورساییەكی ستراتیژیشی هەیە لە كایەی كاری حیزبیی و ڕێكخراوەییدا ، بەڵام سەرەڕای ئەوە  لە واقیعدا قەبووڵیان نییە ڕەخنەیان لێ بگیرێ و بێزارو قەڵس ئەبن ئەگەر كەسێك یان كۆمەڵێك چ لەنێو خۆیانەوە یان لەدەرەوەی خۆیاندا عەیبەكان و خاڵە لاوازەكانیان دەستنیشان بكات و  داوای بەخۆداچوونەوەیان لێ بکات ، یان ئاگاداریان بكاتەوەو  داوای ڕاستکردنەوەی سیاسەتە چەوتەکانیان لێ بکات ، خۆ ئەگەر كەسێك یان ئاڕاستەیەك هەوڵبدات ڕەخنە بگرێ چەندان تۆمەتی بۆ دەتاشرێ و كەسایەتیی لەكەدار دەكرێ و، لەنێوخۆی حیزب و دەرەوەی حیزبیش بە كەسێكی لادەرو سەرەڕۆو نەخۆش لە قەڵەم دەدرێ ، هەر پۆیە دەبینین پرۆسەی بەخۆداچوونەوەو داوای لێ بووردن کردن سەخترین و بێزارترین ئۆپشنە بەلای ئیسلامیەکانەوە ، کەئەمەش دووبارە کردنەوەی هەڵە ستراتیژیەکان و شکست و پاشەکشەکردنە یەک لەدوای یەکەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

حەوتەم : تەفرەقەو پارچە پارچە بوون یەکێکە لەو دەردە کوشندانەی کە لەڕابردوو و ئێستاشدا بەرۆکی ڕەوتە ئیسلامیەکەی لە جیهانی ئیسلامیی بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەتی بەرنەداوەو ، خراپترین ئاسەواریشی بەسەر کاروان و پرۆژەی کاری ئیسلامیدا بەجێهێڵاوەو تا ئەم ساتەوەختەش هەموان بەدەستیەوە دەناڵێنن !!

تێوە گلانی بەشێک لە ئیسلامیەکان یان ژمارەیەک لەسەرکردەکانیان لەدروست کردنی ناکۆکی ناوخۆیی و قۆڵکردنەوەی برینەکان و تەغزیەکردنی تەفرەقەو گیانی تەکەتوولگەرایی و بە ئاراستەبردنی حیزبەکانیان بەرەو لاوازیی و لێکترازان و پارچە پارچە بوون لە قۆناغە جیاجیاکانی کاری ئیسلامیی و ڕێکخراوەیی دا ، ناوبانگ و سومعەی ئیسلامیی و سیاسیی ئیسلامیەکانی لە کوردستاندا و لەنێو خەڵک و جەماوەردا لەکەدار کردووەو ، پاشەکشەی گەورەی بە ڕەوتی ئیسلامیی کردووە.

هەشتەم :  ئەگەر سەرنج بدەین و ورد ببینەوەو بەدوادا چوون بۆ هەندێک لە سەرکردەو ڕەمزە ئیسلامیە دیارەکان بکەین بەئاسانی بۆمان دەردەکەوێ کە بەداخەوە هەندێکیان بێ لەبەرچاوگرتنی هەست و نەستی جەماوەرە ئیسلامیەکە و ،  ئەندام و لایەنگرو خەڵکە هەژارو مەحرومەکەی خۆشیان ، تێرکردنی غەریزەو حەزو ئارەزووە شەخسیی و تایبەتەکانی خۆیان ، یان دنیاداریی و خۆنواندن و کۆکردنەوەی  سەروەت وسامان سەرقاڵی کردوون ، لەکاتێکدا هەژاریی و نەبوونیی و قەیرانی دارایی تەنگی بەزۆرێک لە ئەندام و لایەنگرو کادیرەکانیان هەڵچنیوە و ، جیاوازیی نێوان ئاستی ژیان وخۆشگوزەرانی  بەشێک لە خێزان و منداڵی قیادەکان لەگەڵ ئاستی ژیانی خێزان و منداڵی دۆست و ئەندام و لایەنگرەکانیان جیاوازی نێوان ئاسمان و زەوی یە ! ئەمە جگە لەوەی حیزبەکانیشیان بەدەست قەیرانی قوڵ و سەختی داراییەوە دەناڵێنن و ، تەنانەت هەندێ جار توانای ئیدارەدانی کارو چالاکیەکانی دەزگا حیزبیەکانیان نیە !! ئەم ئافەتە کوشندە کاریگەریی خراپ و نەرێنی لەسەر دەنگدەری ئیسلامیی بەتایبەتی و جەماوەر بەگشتی دروست کردووە.

نۆیەم  : ئاشكرایە (اخلاص) و تەنها خواویستیی لە مومارەسەكردنی هەموو كارو كردەوەیەكی دینی و دونیایی دا نهێنی هەموو بەرهەم و بەرەكەت و سەركەوتن و گەشەكردنێكە ، لە ڕاستیدا ئەگەر (اخلاص) و (تجرد) و( بۆ خوایەکلابوونەوە ) خەسڵەت و سیفەتێكی مەرج و زەروور بێت لە ئاست هەر كارێكی تاكدا ئەوا لەنێو دەعوە و قیادە و بانگەوازو سیاسەت و حیزبایەتیدا نەك هەر گرنگ و پێویستە بەڵكو فەریزەیە و خاڵی جەوهەریی و هەوێنی بەرەو پێش چوون و قەبووڵ بوونە چ لای خەڵك و جەماوەر چ لای خاوەن بوونەوەر! ئەمەش دەخوازێ  جارێكی تر بە پەیوەندی نێوان خۆمان و خوادا بچینەوە و ناخ و مەبەست و نییەت و ئامانجەكان لە دڕك و داڵ و تەپ و تۆزو پۆخڵەواتی بەرژەوەند پەرستی و پۆست ویستی و دونیا ویستی و نەفس ویستی و هەل پەرستی پاك بكەینەوە ، ئەگەرنا لە دوورو نزیكدا حەقیقەت و ماهییەت و فۆڕم و ناوەڕۆكمان لە بەرچاو دۆست و دوژمندا ئاشكرا دەبێت و ئەوكاتیش پەشیمانی داد نادات.

مەعلومیشە ناودارەكان و كەڵە پیاوەكان و عیملاقەكانی سەردەمی زێڕینی ئیسلامیش پێش ئەوەی قیادەی سیاسیی و سەربازیی و پیاوی مەیدان بن ، ڕەمزی ڕۆحیی و خواویستی و دونیا نەویستی بوون ، بۆیەش توانیان بەسەر سەرسەخترینی دوژمنەكانی سەردەمی خۆیاندا زاڵ ببن و سەركردایەتی دین و دونیا بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن ، هەمووشمان دەزانین كە وتراوە: (ما كان لله يبقى و ماكان لغير الله اضمحل).

بانگەوازێک بۆ دواخستنی سەرژمێری گشتی دەکرێت
پێت بانگەوازێک بۆ دواخستنی سەرژمێری گشتی دەکرێت
کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردادێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
دوات کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردادێت و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
پەیوەنیدر