ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق پێداگری لەسەر تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکان دەکات و دەڵێت”هەڵمەتێکی واژۆ کۆکردنەوەمان دەستپێکردووە.”
کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت تەوتین لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکان بکرێت وەک بانکی رەشید و رافیدەین و تی بی ئای.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری دادگای باڵا ڕوونە و دەبێت بەپێی ئەو بریارە تەوتین بکرێت ئەویش تییدا هاتووە” تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم لەو بانکە حکومییانەبێت کە لقیان لە هەرێمی کوردستان نییە”، و بۆ ئەم مەبەستە هەڵمەتێکمان لە پەرلەمان دەستپێکردووە.
کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا لەنێوان هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی مشتومڕ هەیە و ڕێککەوتن نییە بۆ پەسەندکردنی هەژماری من، بۆیە لە هەڵمەتێکدا بەشێک لە پەرلەمانتارە کوردەکان و سوونە و شیعەکانی پەرلەمانی عێراق لەم واژۆیان کردووە و نزیکەی 102واژۆ کۆکراوەتەوە و بەردەوامیش دەبێت، دواتر بڕیارە نووسراو بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت و پاشان بۆ دادگای باڵا لەبارەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی بریاری دادگا و تەوتین لە هەرێم.
هاوکات وتیشی”ئەم هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەیە بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای بالای ئیتیحادییە کە بەرزترین دەسەڵاتی عێراقە و تانە لە بڕیارەکانی نادرێت، هاوکات ئەمە خواست و داواکاری خەڵکە دەیانەوێت پاڵپشتی و دڵنیاییان لەسەر مووچە هەبێت، و دەمانەوێت یاسا بەرقەرار بکەین و یاسا بۆ هەمووان سەروەربێت لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
ماوەی چەند ڕۆژێکە مشتومڕێکی زۆر لەسەر هەژمارتی من و تەوتین لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق هەیە، هەرێمای کوردستان کە چوار پارێزگایە دابەشبوون بۆ دوو بەرە، بەشێکیان لە هەژماری من بەشدارن و تۆمارکراون، بەشێکیشیان ئەو پرۆژەیە ڕەتدەکەنەوە، هاوکات دەسەڵاتدارانی حکومەت بە چەند نووسراوێک هۆشدارییان دایە ئەوکەسانەی لە هەرناوچەیەکی هەرێمم بن ڕێگری لە هەژماری من بکات و ڕوونیشیکردەوە کە ئەوکەسانە سزای یاسایی دەدرێن کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی پرۆسەکە دەکەن.