دوابەدوای هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە پارێزگای دهۆك و ئیدارەی گەرمیان دەستی پێكرد.
دیار بەحری، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانی دهۆك ڕایگەیاندووە، دەستیان بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا كردووە و لەماوەی هەفتەیەكدا زیاتر لە هەزار پارچە زەوی لە سنووری دهۆك دابەشكراون.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەپێی ڕێكارەكان ڕۆژانە 400 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت.
لای خۆشیەوە ئیدارەی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕەزامەندی درا بە تەرخانکردنی ٢ هەزار و ٤٧٤ پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی نیشتەجێی سنووری ئیدارەی گەرمیان وەک وەجبەی یەکەم.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەفتەی پێش هەڵبژاردانی پەرلەمانی كوردستانەوە دابەشكردنی زەوی لە هەولێر و سلێمانی لەلایەن شارەوانییەوە دەستی پێكردووە.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم هەر فەرمانبەرێك پەرچەیەك زەوی پێ دەدرێت و بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی، هەر فەرمانبەرێك 8 ساڵ زیاتر خزمەتی هەبێت یان خانەنشینان، كە زەوییان وەرنەگرتووە، پارچەیەك زەوی 200 مەترییان پێ دەدرێت بە بەهای 5 هەزار دینار بۆ هەر مەترێك (واتە ملیۆنێك دینار) و ئەگەر هەردوو هاوسەر فەرمانبەر بن، ئەوەیان خزمەتی زیاترە فۆڕمەكە پڕدەكاتەوە و خزمەتی هەردووكیان كۆدەكرێتەوە.