وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بابەتی هەژماری من و تەوتین بڵاوکردەوە و دەڵێت” هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین یان هەر بانکێکی تر بەشداربن لە پڕۆژەی هەژماری من”.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، ماوەیەکە پرسی بەبانکیکردن و پێدانی مووچە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی جیاواز بووەتە بابەتی گفتوگۆ و چەندین لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، وەک وەزارەتی دارایی جەخت دەکەینەوە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت لەڕێگەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی:
ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە. ماوەیەکە پرسی بەبانکیکردن و پێدانی مووچە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی جیاواز بووەتە بابەتی گفتوگۆ و چەندین لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەپێویستمان زانی هەندێک بەرچاوڕوونی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو لەبارەی ئەم بابەتەوە.
١- پرسی دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستەمی فیدراڵی لەدەسەڵات و تایبەتمەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە، دەستوری هەمیشەیی عێراق لەمادەکانی ( ١١٦ ، ١١٧ ، ١١٨ ، ١١٩ ، ١٢٠ ، ١٢١ ) سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاووڵاتیانی خۆی.
٢- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.
٣- بۆ ئاگاداری هەموو لایەک وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ ڕێکكەوتوون تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکیەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاڕاستەی دوور خستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی.
٤- ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی هەژماری من بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ١١٣ ) لەڕۆژی ( ٢٠٢٣/٨/٢ ) لەبڕگەی سێیەم، سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من درا و جەخت لەوەکرایەوە کە سەرجەم وەزارەتەکان پشتگیری پڕۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزاریەکان و سەرخستنی پرۆژەی هەژماری من بکەن، کە ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کەدەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری.
٥- بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بەنووسراوی ژمارە ( ١١١/ت.ق / ٢٠٢٤/١٤٠٥ ) لەبەرواری ( ٢٠٢٤/٧/٣ ) هەموو ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقن و سەرجەمیان لەپڕۆسەی ( توطين ) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن و هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ئەو بانکانەدا نییە تا پرۆسەی ( توطین ) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن.
شایەنی باسە تا ئێستا نزیکەی ( ٧٠٠،٠٠٠ ) فەرمانبەر و مووچەخۆر لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ( توطین ) کراون و پرۆسەی بەبانکیکردنیان بۆ ئەنجامدراوە، یەکەم هەنگاوی پڕۆژەی هەژماری من بریتییە لە ( توطین ) واتە بەبانکیکردنی مووچە، مانگی ڕابردووش نزیکەی ( ١٥٣ ) هەزار فەرمانبەر و مووچە خۆر لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
ڕاشیدەگەیەنین هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین یان هەر بانکێکی تر بەشداربن لە پڕۆژەی هەژماری من ( توطین ) بەمەرجێک لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە ڕێگە پێدراو بێت و مەرجە هونەریەکانی تێدا بێت.
لە کۆتایدا پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەردەوامبن لە جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژە پێکراو، تا تەواوبوونی پڕۆسەکە لە ساڵی (٢٠٢٥)دا، یان دەرچوونی بڕیارێکی تر.
هاوپێچ/ دەقی بڕگەی سێیەم لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ١١٣ ) لە ڕۆژی ( ٢٠٢٣/٨/٢ ).