وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گوژمەی پێویست بۆ چوار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، لە چەند فەرمانێكی وەزاریدا، ڕەزامەندی نیشاندرا لەسەر خەرجكردنی چەند گوژمەیەك بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاریی پێداویستییەكانی پارك و باخچەكان و چاكسازی لە ئاوەڕۆ و یوتێرن و باشتركردنی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە.
ئەو گوژمانە لەسەر ڕێژەی 15% و 100%ی شارەوانی و 17%ی ئاوە و بەپێی ڕێنماییەكانی تایبەت بە داهات فەرمانی خەرجكردنیان بۆ دەرچووە بەمەبەستی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەی خوارەوە:
– ڕاكێشانی بۆریی ئاو بۆ بەهێزكردنی ئاوی گەڕەكی 144 لە زەرگەتەی كۆن.
– جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاككردنی ژمارەیەك مەنهۆڵ لە گەڕەكی ڕاپەڕین لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی زەڕایەن.
– پڕۆژەی كڕین و دابینكردنی پێداویستی جۆراوجۆر بۆ بەشی باخچەكان لە سنووری شارەوانیی شارەزوور بەمەبەستی پەرەپێدانی ناوچە سەوزاییەكان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی.
– جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاككردنی یوتێرنی تەنیشت گەڕەكی زەڕایەنی یەك بەمەبەستی پەرەپێدانی سیستەمی هاتوچۆ.