وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەژماری من ناوی بانک نییە، بەڵكو ئامانج لێی ئەوەیە فەرمانبەران لە ڕێگای بانک مووچە وەربگرن و دەشڵێت: پاشەکشێ لەم پڕۆژەیەدا نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر شەفافییەتی دارایی.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو بانکانەی بەشدارن لە هەژماری من یان لە داهاتوو بەشدار دەبن دەبێت تۆمەتی پارە سپیکردنەوەیان لەسەر نەبێت و لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا نەخرابنە لیستی ڕەش و هەریەکەو بەڕێژەیەک دەتوانن بەشداربن لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی قۆرخکاری ڕوونەدات.
جەختیشی كردۆتەوە، پاشەکشێ لەم پڕۆژەیەدا نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر شەفافییەتی دارایی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی دارایی.
هەژماری من ناوی بانک نییە!
بەڵکو چەپکێک بانکن لەناو پرۆژەیەکدا بەناوی هەژماری من،کە ئامانج لێی ئەوەیە فەرمانبەران لە ڕێگای بانک موچە وەربگرن،ئەم تەوزیحە بۆ هەندێک بەرپرسە کەدژی ئەم پڕۆژەیەن و لێی تێنەگەیشتوون تائێستاو پێیان وایە هەژماری من ناوی بانکێکە!
هەژماری من واتە حزورت هەبێت لەکاتی وەرگرتنی موچەکەت و بە گوش پارە وەرنەگری بەناوی چەکداری وەهمی! هەژماری من واتە هەموو کەس پارەی دیاربێت، بۆ زیاد دەبێت؟ لەکوێ دێت؟ چۆن دێت؟
هەژماری من واتە ڕێگری لە هەڕەشەی مووچە بڕین لەکاتی دەنگدان!
هەژماری من واتە ڕێگری لەشاردنەوەی ئەو پارانەیە کە بەقاچاخی و هەموو ڕێگەیەکی دیکەی نایاسایی هەندێک کەس پەیدای دەکەن.
ئەو بانکانەی بەشدارن لە هەژماری من یان لە داهاتوو بەشدار دەبن دەبێت تۆمەتی پارە سپیکردنەوەیان لەسەر نەبێت و لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا نەخرابنە لیستی ڕەش و هەریەکەو بەڕێژەیەک دەتوانن بەشداربن لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەوەی قۆرخکاری ڕوونەدات.
ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی شەفافییەت دەکەن یەکەم بابەت شانازی پێدەکەن بوونی سیستەمێکی بانکی شەفاف و کەم خەوشە.
پاشەکشێ لەم پڕۆژەیەدا نییە و حکومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر شەفافییەتی دارایی و ڕێگریکردن لە گەندەڵی دارایی.
پێشەوا هەورامانی
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان