پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، كە لە ڕێگەی دوو پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەوە، كێشەی ئاوی ماڵان تا 30 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەكرێت و دەشڵێت: تۆڕی ناوخۆیی ئاوی كۆڵانەكان ڕێكدەخرێتەوە.
ئەمڕۆ دوو شەممە، لە پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و جێگران و یاریدەدەرانی و قائیمقام و بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان، کۆبوونەوەی ئامادەکاری ڕێکخستنەوەی تۆڕی ناوخۆیی ئاو بۆ هەردوو پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێر و قوشتەپە بەڕێوەچوو.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دوا بەدوای بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەنجامدانی هەردوو پرۆژەی ستراتیژیی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێر و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەڕێوەچوو. گفتوگۆ لە بارەی پێویستییەکان و شێوازی ڕێکخستنەوەی تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕک و ناوچەکان کرا، کە هاوتەریب لەگەڵ ئەنجامدانی ئەو پرۆژانە ئەنجامدەدرێت.
=پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، دیراسەیەکی ووردی زانستیانەی ئەو پرسە بکەن و لە زووترین کاتدا چی پێویستە لە چوارچێوەی کارەکاندا بیخە ڕوو، بۆ ئەوەی بەهەمان خێرایی و كوالێتی جێبەجێکردنی هەردوو پڕۆژە دەست بە ڕێکخستنەوەی تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕک و ناوچەکان بکرێت، بۆ ئەومەبەستەش هەموو پاڵپشتی و هاوکارییەکی پارێزگای نیشاندا.
لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگە و ئاوی ژێرزهوی و بەفیڕۆنەدانی، دەست بە ئەنجامدانی هەردوو پرۆژەی ستراتیژیی ( فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێر و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری) کراوە، پڕۆژەکانیش بەمشێویە:-
1 – پرۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێر، کە بە گوژمەی نزیكەی ( 480 ملیۆن دۆلار ) دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، سەرچاوەی وهرگرتنی ئاوی پرۆژهكه له زێی گهوره دهست پێدهكات، پاككردنهوه و پاڵاوتنی ئاوهكه و فلتهركردن و كلۆركردنی ئاوهكه، به ستانداردی ڕێكخراوی تهندروستیی جیهانی (WHO) و عێراقی دانراوە، بە تەواوبوونی له ڕۆژێكدا 480 ههزار مهتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ ههر كاتژمێرێك 20- 21 ههزار مهتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گهڕهكهكانی سەنتەری شاری هەولێر دابین دەکات و ههریهك له دارهتوو، بنهسڵاوه، كهسنهزان، پیرزین، شاوێس، بەحركه، عەنكاوه و سێبیرانیش لێی سوودمهند دهبن، لە ئیستادا لە 20%ی کارەکانی پڕۆژەکە بەکۆتاهاتووە و به تهواوبوونی، كێشهی كهمئاوی له شاری ههولێر بۆ 30 ساڵی داهاتوو چارهسهر دهبێت و دهبێته هۆی داخستنی زیاتر له هەزار بیری ئاو.
2 – پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، بە گوژمەی ( 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار) دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، سەرچاوەی ئاوی ئەوپڕۆژەیە لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت، پرۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی لە ڕۆژێكدا هەیە و ئاوی قەزای قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە 60 گوند ناوچەکە دابین دەكات و كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە. هاوكات چەندین ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پرۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاوییان هەیە، دەكەونە سنووری ئەو پرۆژەیەوە.