هەڵبژاردن تەواو، پێویستە چی بکەین؟



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

ئاشکرایە هەڵبژاردن کۆڵەگەیەکی گرنگی پڕۆسەی دیمۆکراتیزەکردنی کۆمەڵگەیە، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییە هەر کەس و لایەنێک بەکردار بیەوێت سیستەمی حکومڕانیەکەی دیموکراتی بێت دەبێت ملکەچی ئەو پڕۆسێسە بێت، نەک ئەوە هەرچیشی پێویست بێت بۆ ئەنجامدانی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، بۆ هەموو لایەک فەراهەمی بکات، وەک ئیمکانیاتی ماددی، مەعنەوی، مرۆیی و لۆجسستی.

ئەو شێوە مامەڵە لەگەڵ هەڵبژاردن ئەگەر بۆ وڵاتە خواپێداوەکان پێویست بێت، بەدڵنیاییەوە بۆ هەرێم زۆر پێویستترە، چونکە ئێمە لە دەڤەرێک دەژین هیچ ڕێگەیەکیترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە هەڵبژاردن، ڕاستە ئێمە زەمەنێک پشتمان بە سندوقی فیشەک دەبەست، بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی و خاکمان، بەڵام ئێستا پێویستمان بە سندوقی دەنگدانە، بۆ ئەوەی خاکمان یپارێزین و بنەماکانی مافە نەتەوەییەکانمان بەهێزتر بکەین.

کەواتە تەنها هەڵبژاردن و بنیاتنانی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی دیموکراتییەتمان پێویستە، لە دەرەوەی ئەوە بەدیلمان نییە.

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە لە ڕابردوودا پێنج جار هەڵبژاردن کراوە بێجگە لەوەی ٢٠/١٠/٢٠٢٤ بەڵام هیچیان بێ خەوش و کەموڕیەوە نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر بەرژەوەندی گەلەکەمان پێی لخشێنراوە و تێپەڕێنران.

ئەمجارەش پێش ئەوەی بکرێت بارودۆخەکە وەک ژانی پێش لە دایکبوونی کۆرپەلەیەکی تازە بوو، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە، کۆنی و کاڵ و کرچی یاساکە، خۆشبەختانە دواجار بە بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی هەندێک ماددە و بڕگەی لەگەڵ داخوازیەکان گونجێنرا.

هەروەها، دواخستنی چەند جارێک، ئەوەش بەهۆی هەندێ لایەن کە دەیان ویست وەکو جارانی پێشوو بە دڵی خۆیان پاشوپێشی پێبکەن و بیشیێنن.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، هاتنە پێشەوەی چەند لیست و قەوارەی تازە، ئەوانە هەموویان وایان کرد بانگەشەکە ئەوەندە گەرموگوڕ بێت وەک ئەوەی چارەنوسی گەل لەسەر ئەو هەڵبژاردنە بێت، کارەکە گەیشتە ئەوەی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵک دەستییان لەسەر دڵیان بێت، نەکا بارودۆخەکە لە گرێژنە دەرچێت و هەموو شتێک بەسەریەکدا قڵپ بێتەوە و لەبری ڕیش سمێڵێشی لەسەر دابنرێت.

باش بوو پڕۆسەکە ئەنجامدرا و بە سەلامەتی تێپەڕی، ئەگەر چی دیسان لێرە و لەوێ هەندێ لایەن لەیەک کاتدا گلەیی و گازاندەیان لە خودی پرۆسەکە و کەمی دەنگەکانیان هەیە، ئەوەش پێدراوێکی یاسایی لایەنەکانە، بۆیان هەیە هەڵوێستە و بەدواداچونی بۆ بکەن، تاوەکو ڕاستییەکانیان بە هەردوو دیو بۆ ڕوونبێتەوە.

ئەوەی گرنگ و پێویستە لەسەر هەموو ئەو لایەنانەی لەو پڕۆسەیە بەشداربوون و کەم و زۆر دەنگ و کورسیان هێنا، ئەم پرسیارە لە خۆیان بکەن کە هەڵبژاردن تەواو، پێویستە چی بکەین؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت پێیان بوترێت هەرچەندە ڕێژەی دەنگەکان جیاوازن، بەڵام کەستان براوەی ڕەها نین و ناتوانن بە لووتبەرزیەوە مامەڵە بکەن و بە لافلێدانی زۆرینەوە حکومەت پێکبهێنن، وەک ئەوەی لە شەشەمین کابینەدا بێمنەتانە کردتان و بە لالووتیەوە فەرمووتان لە هەندێک لایەنی ئەساسی هەرێم کرد، لێرەدا باسی ئەوە ناکەم ئەنجامی ئەو کابینەیە چی بوو و سەری کێشا بۆ چ مەینتیەک بۆ ئەم گەلە خێر لەخۆ نەدیوە، چونکە ئەوە زۆری دەوێت.

بۆیە نابێت جارێکیتر بیر لەو تەجروبە سەرنەگرتووە بکرێتەوە، چونکە ڕاستییەک هەیە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، مەبدەئی زۆرینە و کەمینە هەرچەندە لە ڕووی واقیعیەوە یاساییە، بەڵام بۆ هەرێمەکەی ئێمە و لەنێوان ئەم هەموو جەڕ و مەنگەنەیە ئەستەمە و سەرکەوتوو نابێت، لەلایەکیتر نابێت ئێمە خۆمان بە سوید و نەرویج بشوبهێنین و بڵێن ئیتر ئێمە لە هەموو شتێک بووینەتەوە و تەواو سیستەمەکان دیموکراتیەتی عەیار ٢٤ە و جوگرافیای دەڤەرەکەشمان شامی شەریفە، بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ واقیعی سیاسی و ئیداری هەرێم دەکەین، دەبێت بزانن ئەوە نابێت.

بەپێچەوانە تاکە ڕێگە لەبەردەمتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە زۆر هەستیارە و ئەو هەموو کێشە و ئاڵەنگاریانە تەنها تەوافوق و هاوبەشیکردنە، لەنێوان هەموو براوەکانی هەڵبژاردن، بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە حکومەتی هەموو هاووڵاتی بێت نەک تەنها لایەنێک، چونکە ئەوە ڕێگە ڕاستەکە و مۆدێلە جوانەکەی حکومڕانییە.

بەپێچەوانە ئەگەرچی ئەو پڕۆسەیەش تێپەڕێنرا، دڵنیام ئەگەر بەو شێوازە نەبێت، دیسان لایەنەکان شان نادەنە بەر بڕیارە ئیداری و سیاسەکان و جێبەجێکردنیشی، کۆمەڵانی خەڵکیش هیچ مەجبوور نین جارێکیتر بە پارەی حەرام و بە دروشمی سواوە و ڕزی و پزیەوە شانستان پێبداتەوە، یان وا بزانن ئیتر ئەو دەنگانەی هێناتان تاپۆی ڕەشە و هەر لە گیرفانتانە، ئەکید ئەو حکومەتەی پێکدەهێنرێت ئەگەر وەڵام دەرەوەی داخوازیەکانی پێ نەبێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کەستان پێ ناخانپێنرێ، کورد وتەنی تۆڵەی سەردەرێ و بەردەرێتان لێدەکەنەوە.

بەپێی نوسراوێک هەژماری من ڕاگیراوە
پێت بەپێی نوسراوێک هەژماری من ڕاگیراوە
دەزگای شەهیدانی عێراق: شەهیدی پێشمەرگەی ناوچە جێناکۆکەکان تۆمار دەکەین
دوات دەزگای شەهیدانی عێراق: شەهیدی پێشمەرگەی ناوچە جێناکۆکەکان تۆمار دەکەین
پەیوەنیدر