ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤)، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار ئاشکرای کرد کە هێزەکانی ئەمریکا ڕێوشوێنی توندیان لە بنکەی هەریری فڕۆکەخانەی هەولێر گرتووەتە بەر.
ئەو سەرچاوەیە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیایەکی عێراقی ڕایگەیاندووە، “لە دوای بۆردومانەکەی ئیسرائیلەوە کە ئێرانی کردە ئامانج، هێزەکانی ئەمریکا ڕێوشوێنی توندیان لە بنکەی هەریری فڕۆکەخانەی هەولێر گرتووەتەبەر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “رێکارەکان بریتی بوون لە کارپێکردنی سیستەمی بەرگری، هەروەها کارپێکردنی ئاگادارکەرەوەکان، و مەشقکردن بۆ دابەزین بۆ ناو حەشارگەکان ، هەروەها فرۆکەوانی ئەمریکی خۆکار لە سنووری سوریاوە بە ئاراستەی پارێزگای دهۆک لە دوێنێوە چاودێری دەکات”.
دوێنێ شەممە (26ی تشرینی یەکەمی 2024)، سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردەوە، داخستنی ئاسمانی بنکەکانی عەین ئەسەد و هەریر بۆ ماوەی 12 سەعات لەسەریەک بەردەوامە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند، “بنکەکانی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنکەی هەریر لە هەولێر، کە هێزەکانی ئەمریکا بە کەرەستەی سەربازی قورسەوە تێیدا جێگیرکراون، 12 کاتژمێر لەمەوبەر چوونەتە حاڵەتی داخستنی ئاسمانی گشتگیر و تا ئێستاش بەردەوامە.
لەهەمان کاتدا، ئامانج عەزیز، شارەزای سەربازی لەبارەی ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت هەولێر، دوای لێدوانەکەی کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە ڕێگەی عێراقەوە چوونەتە ناو ئاسمانی ئێرانەوە.
سەرچاوەکە لە لێدوانەکەید وتی: “پێموانییە هیچ نیازێکی ئێرانی هەبێت بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەکانی کوردستان و شاری هەولێر بە تایبەتی”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “ووتەی ئێران کە فڕۆکە ئیسرائیلییەکان لە ئاسمانی عێراقەوە هاتوون”. بەو مانایە نییە کە لە هەولێر یان هەر شارێکی دیکەی هەرێمەوە فڕیون”.
وتەبێژی حکومەتی عێراق: ئیسرائیل درێژە بە سیاسەتی شەڕەنگێزانە دەدات
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێران دەزانێت کە ئاسمانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە کۆنترۆڵکراوە، هەربۆیە پێموانییە هیچ مەترسییەک هەبێت بۆ بەئامانجگرتنی هەولێر، بەتایبەتی کە پەیوەندی لەگەڵ تاران لە ئێستادا زۆر باشە”.
دوێنێ شەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل بۆ سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام دەستیپێکردووە، لە ئاسمانی عێراقەوە هاتوون.