سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکانی گوندەکانی (کانی گۆمە و کەڵەکن و خەلیفاوا) دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دیلمان لەتیف، یاساناس و سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتیانەی لە ماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی کردووە و خانووەکانیان دەکەوێتە دەرەوەی حەرەمی کادسترۆوە با ئیستینساخی (کارتی نیشتمانی) یان (رەگەزنامە و پێناس)ی خۆیان و هاوسەریان لە ماڵەوە ئامادەبکەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنەی لاوەکیی شارەوانیی ڕۆژئاوا بکەن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر ئەو ژمارە مۆبایلەتان گۆڕیوە، کە کاتی خۆی لەسەر داواکارییەکە نووسویوتانە ئەوا سەردانی لیژنەی لاوەکیی شارەوانیی ڕۆژئاوا بکەن بۆ دانانی ژمارەی نوێی مۆبایلەکەتان.
ڕوونیشی كردۆتەوە، زۆرینەی هەرە زۆری ئەو خانووانە بە ڕێژەی 5%ی بەهای زەویی ژێر خانووەکە تاپۆ دەکرێن، واتە ئێمە بەهای بینای خانووەکە ئەژمار ناکەین.
ئەو یاساناسە ئاماژەی بەوەشكرد، یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردن ئەوەیە، کە داواکار خاوەنی بینای خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کەسێک لە پاش داواکاریکردن خانووەکەی فرۆشتبێ و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکانماندا کڕیارەکە لە خانووەکەدا بێت ئەوا تاپۆکردنی خانووەکە ڕەت دەکرێتەوە، بۆیە مامەڵە بەو خانووانەوە مەکەن هەتا تاپۆ دەکرێت بەناوتانەوە.
جەختیشی كردۆتەوە، حەرەمی کادسترۆی ئەم سێ گوندە فراوانکراون، بۆیە لەم قۆناغەدا تەنها ئەو خانووانە بەر تاپۆکردن دەکەون، کە دەکەونە دەرەوەی حەرەمی کادسترۆوە، چونکە زۆربەی ئەو سێ گوندە دەکەونە ناو حەرەمی کادسترۆوە و بەر یاسای تاپۆکردنی حەرەمی گوندەکان (ژمارە ١٢ ساڵی ٢٠١٢) دەکەون.
دیلمان لەتیف دەشڵێت: “ئەمە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی دەیانگوت ئەم پڕۆسەی تاپۆکردنە تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەوەتا هەڵبژاردنیش کرا و پڕۆسەکەش هەروەک جاران بەردەوامە”.