بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، دۆخی وشكی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و شەپۆلێكی باران بارین دەستپێدەكات و چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، کۆی مۆدێلەکانی کەشوھەوا ھاوکۆکن لەسەر ھاتنی شەپۆلێکی چری بارانبارین بۆ سەرتاسەری ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای سوورە لە ناوچەکانی سعودیە.
ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا کاریگەرییەکانی بەردەوامە بە باران و تەرزەی بەخور و پێشبینی دەکرێت ڕۆژی پێنج شەممە 31/10/2024 کاریگەری ئەو بارستە ھەوا شێدارە بگاتە ناوچەکانی عێراق و ڕۆژی ھەینی-ش 1/11/2024 بگاتە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.
وتیشی، “ئەو شەپۆلە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ کاریگەریەکانی ئەمێنێتەوە لەسەر کەشی ناوچەکە بەبارانی پچڕ پچڕ و ھەندێک کاتیش ھەورە بروسکە و بارانی بەخوڕ لەگەڵیدا ئەبێت”.
لای خۆشیەوە، كەشناسی دهۆك بڵاویكردەوە، لەگەڵ دەستپێكی هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی شەممەوە 2ی 11ی 2024، باران بارین دەستپێدەكات و چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.