هەسەدە هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر سوپای توركیا دەستپێكرد



ماوەی چەند ڕۆژێكە توركیا لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەستپێكردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەك كارەبا و سایلۆی گەنم و نەوت و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كردۆتە ئامانج و چەندین هاووڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون و لە بەرامبەریشدا ئەمڕۆ هێزەكانی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەكانیان داوەتەوە و 8 سەربازی توركیا بریندار كراون.

بەپێی ئامارەكان، كە دامەزراوەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردۆتەوە، کۆی هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان گەیشتۆتە هەزار و 31 هێرش، كە 118 هێرشی لەڕێگەی فڕۆكەی بێ‌ فڕۆكەوان و 20 هێرشی لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگی بووە و زیاتر لە 890 هێرش لەڕێگەی تۆپباران بە هاوەن بووە.

بەپێی زانیارییەكان، لەو هێرشانەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوا، كە ناوچەكانی تەل تەمر و عەین عیسا و كۆبانێ‌ و قامیشلۆ و چەند ناوچەیەكی دیكەی گرتۆتەوە، تاوەكو ئێستا 17 كەس شەهید بوون و 65 كەس بریندار بوون.

لای خۆشیەوە، هێزەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دەستیان بە هێرشی پێچەوانە بۆ سەر سوپای توركیا كردووە و لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە لە لادێکانی تەل تەمر و عەین عیسا ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا ٨ سەربازی داگیرکەری تورکیا برینداربوون و زیانی ٣ ئۆتۆمبێلی سەربازی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ یەك شەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، کە هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەدژی بنکەی داگیرکەری تورکیا ئەنجامداوە لە هەردوو لادێی عەین عیسا لە پارێزگای فورات و تەل تەمر لە پارێزگای جزیرە.

ڕاشیگەیاندووە، سوپای تورکیا و گرووپە بەكرێگیراوەكانی بەردەوامن لە دەستدرێژییەکانیان بۆسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تەرکیزکراو و کاریگەرەوە وەڵامی هێرشەکانیان دەدەنەوە، مۆڵگەکانیان لەناوچەکانی داگیرکراودا تێکدەدەن، زیانێکی گەورەیان لێکەوتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، دوێنێ شەممە، هێزەکانی سوریای دیموكرات ئۆپەراسیۆنی سەربازییان لەدژی بنکە داگیرکارییەکانی تورکیا ئەنجامدا، کە لە لادێی تەل تەمر جێگیر بوون، کە تیایدا 8 كەس لە نێو هێزەکانی داگیرکەردا بریندار بوون و 3 ئۆتۆمبێلی سەربازیی تێكشكاندووە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەدا؛ هێزه کانمان دوو ئۆپراسیۆنی تریان له دژی دوو بنکه ی داگیرکه ڕی تورکیا ئه نجامدا، که له گوندەکانی “سەعیده و ئەلمەزرا” له لادێی عەین عیسا جێگیر بوون و تێیدا ژمارەیەک سەربازی داگیرکەڕ بریندار بوون و نه توانرا تەواوی خۆیان بزانن ژمارەکان.

هەسەدە جەختیشی كردۆتەوە، هێزەکانمان مافی ڕەوای خۆیان هەیە وەڵامی هێرش و دەستدرێژییەکانی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان بدەنەوە، بە هەموو شێوەیەک بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە شەڕ و ململانێکاندا، بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و موڵکی گەل، و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری خۆیان.

لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند، توركیا ژێرخان و دام و دەزگا خزمەتگوزارییەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەكاتە ئامانج و تا ئێستا 17 كەس شەهیدبوون و 48 كەسی دیكەش برینداربوون، هاوکات، ئامانجی سەرەكی توركیا نەهێشتنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە لە ناوچەکەدا.

ڕاشیگەیاندووە، هەڵوێستی هاوپەیمانان و ڕوسیا لەبارەی هێرشەكان لە ئاستی پێویستدا نییە و پێویستە فشار بخرێتە سەر توركیا بۆ وەستاندنی هێرشەكانی.

دەشڵێت: “هیچ پەیوەندییەكمان بە هێرشەكەی ئەنقەرەوە نییە و هیچ كەسێك لەسنوری ئەوانەوە نەچووەتە توركیا و ئێمە هیچ ئۆپەراسیۆنێکمان لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجام نەداوەو نایدەین”.

مەزڵوم كۆبانێ‌ جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر هێرشەکانی سەرمان بەردەوام بێت، کاریگەری وەڵامدانەوەمان بەهێزتر دەکەین و وتیشی، “پێویستە گەلەکەمان خەباتی خۆی پەرەپێبدات.

 

جارێکیتر نرخی دۆلار ڕووی لە دابەزین کرد
پێت جارێکیتر نرخی دۆلار ڕووی لە دابەزین کرد
باخچەلی لە دژایەتی کورد پەشیمان بۆوە
دوات باخچەلی لە دژایەتی کورد پەشیمان بۆوە
پەیوەنیدر