وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم دوایین ئاگادارکردنەوە دەداتە خانەنشینان و خاوەنپێداویستی تایبەت و مووچەخۆران کە تا 20ی مانگی داهاتوو پێویستە بایۆمەتری ئەنجام بدەن، ئەگەرنا مووچەکانیان رادەگیرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە، هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تا ئێستا (UPN)ـیان نییە و خۆیان لە سیستەمی بایۆمێتری تۆمار نەکردووە، پێویستە تا رۆژی 24ـی 11ی ئەمساڵ خۆیان تۆمار بکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، “هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێم بێت و تا ئەو وادەیە کۆدی بایۆمێتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت”.
ئەوەش خراوەتە روو، بڕیاری خۆتۆمارکردن لە سیستەمی بایۆمەتری هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتەوە کە بەهۆکاری جیاواز لە دەرەوەی وڵاتن یان مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندنیان کردووە.