پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر گەڕاندنەوەی زەویە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمان دەدات



دوانوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک لە پڕۆژەکان گەڕاندنەوەی ئەو خانوو و زەوییانەیە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لە شەش بڕگە پێکهاتووە، سێ پڕۆژەیاسا خراونەتە بەرنامەی کار، هەر پڕۆژەیاسایەکیان پێکهاتەیەکی سەرەکی پێداگیرە لەسەر تێپەڕاندنی.

دەنگدان بە پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دانراوە.

زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.

بڕگەی دووەم تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی، کە داواکاریی سەرەکیی شیعەکانە. هەروەها دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی، خراوەتە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکە، کە یەکێکە لە داواکاریی سوننەکان و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، خراوەتە بەرنامەی کارەوە.

دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق وتی: “هەرسێ پرۆژەیاساکە خراونەتە بەرنامەی کار، ئەگەر تێپەڕێندرێن، هەرسێکیان پێکەوە دەبن. ئەمە ئەگەر رێژەی یاسایی ئامادەبوون تەواوبێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەگەری هەیە دانیشتنەکە هەر نەکرێت”.

پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە، چەند جارێک خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.

پڕۆژە بنچینەییەکە لە 5 مادە پێکهاتبوو و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکرد، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا دەستکاری کرا و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140دا بگەڕێتەوە بۆ کورد و تورکمان.

پەرلەمانتارانی کورد باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە بەشێوەی بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە، نەوەک داگیرکردن یان کوژاندنەوە.

هێرشەکانی تورکیا دەیان دامەزراوەی خزمەتگوزارییان لە ڕۆژئاوای کوردستان پەکخست
پێت هێرشەکانی تورکیا دەیان دامەزراوەی خزمەتگوزارییان لە ڕۆژئاوای کوردستان پەکخست
وتەبێژی حکومەت: عێراقمان لە بازنەی شەڕ دوورخستەوە
دوات وتەبێژی حکومەت: عێراقمان لە بازنەی شەڕ دوورخستەوە
پەیوەنیدر