سوپای تورکیا چەند ڕۆژێكە هێرشی چڕوپڕی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەسپێكردووە و چەندین باڵەخانەی حكومی و خزمەتگوزاری كردۆتە ئامانج و فەرماندەی گشتی هەسەدە-ش دەڵێت: ئامانجی توركیا نەهێشتنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە، چونكە ئێمە هیچ هێرشێكمان لە باكووری كوردستان و توركیا ئەنجام نەداوە.
دوای هێرشەكەی دوێنێی توركیا بۆ سەر سایلۆ و نەخۆشخانە و كۆگای سووتەمەنی لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆش سوپای توركیا دەستی نەپاراست لە لێدانی باڵەخانە و شوێنە خزمەتگوزارییەكانی ڕۆژئاوا و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و بەهۆیەوە 17 كەس شەهید و 48 كەس بریندار بوون.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، سوپای توركیا لە زەوی و ئاسمانەوە دەستی كردووە بە بۆردومانی ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و ئەمڕۆ بانکی کشتوکاڵی لە ڕۆژئاوای شاری تەل تەمر و کۆگایەکی نەوتی لە گوندی “کارزیرۆ” لە ناحیەی مەعبادە و هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای لە شاری عامودا بە ئامانج گرتووە.
لای خۆیەوە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند، توركیا ژێرخان و دام و دەزگا خزمەتگوزارییەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەكاتە ئامانج و تا ئێستا 17 كەس شەهیدبوون و 48 كەسی دیكەش برینداربوون، هاوکات، ئامانجی سەرەكی توركیا نەهێشتنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە لە ناوچەکەدا.
ڕاشیگەیاندووە، هەڵوێستی هاوپەیمانان و ڕوسیا لەبارەی هێرشەكان لە ئاستی پێویستدا نییە و پێویستە فشار بخرێتە سەر توركیا بۆ وەستاندنی هێرشەكانی.
دەشڵێت: “هیچ پەیوەندییەكمان بە هێرشەكەی ئەنقەرەوە نییە و هیچ كەسێك لەسنوری ئەوانەوە نەچووەتە توركیا و ئێمە هیچ ئۆپەراسیۆنێکمان لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجام نەداوەو نایدەین”.
مەزڵوم كۆبانێ جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر هێرشەکانی سەرمان بەردەوام بێت، کاریگەری وەڵامدانەوەمان بەهێزتر دەکەین و وتیشی، “پێویستە گەلەکەمان خەباتی خۆی پەرەپێبدات”.