سەرۆکایەتی کۆماری عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتەئەستۆ و بەپەلە کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە “دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و رێگریکردن لە فراوانبونی ململانێکە”.
ئەمڕۆ شەممە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، رایگەیاند: “بە توندی دەستدرێژییەکانی قەوارەی زایۆنی بۆسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیدانە دەکەین، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی دەوڵەتانە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ ناسەقامگیری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە”.
ئەوەشی وتووە: “داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی بگرێتەئەستۆ و بەپەلە کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دەستدرێژیانە و رێگریکردن لە فراوانبونی ململانێکە”.
سەرۆکایەتی کۆمار باسی لەوەشکردووە، “هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دوپاتدەکەینەوە و هەر جۆرێك لە جۆرەکانی گرژی رەتدەکەینەوە، هەروەها دوپاتیدەکەینەوە پشتیوانی لە فەڵەستینیەکان دەکەین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان لەسەر خاکی نیشتمانیی فەڵەستین، سەرەڕای پێویستیی کارکردنی بەپەلە بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی بۆسەر براکانمان له غەززه و لوبنان و گەیشتن به چارەسەرێك، کە ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا بەدیبهێنێت”.