وانەی پەروەردەی وەرزش،لەنێوان گرنگیپێدان و پەراوێخستندا



بیلال حمە
وانەی پەروەردەی وەرزش، وەکوو یەکێک لە وانە کاریگەر و پێویستییە سەرەکییەکانی خوێندن لە پڕۆگرامەکانی خوێندن بوونی هەیە و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەپێدانی گشتگیری فێرخوازان لە ڕێگەی پێشخستنی چالاکیی جەستەیی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و تەندروستی فێرخوازان.

 

وانەی پەروەردەی وەرزش و چالاکییە وەرزشییەکان، لەیەککاتدا چالاکییەکی جەستەیی، عەقڵی، کۆمەڵایەتیی خودیی و ناوخۆیین، مرۆڤ بە گشتیی و فیرخوازانی قوتابخانەکان بەتایبەتی بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بێ هیچ فشارێکی دەرەکیی ئەنجامی دەدەن، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە یاریکردن و چالاکییە جۆربەجۆرەکانی وانەی پەروەردەی وەرزشی ئامادەباشیی جەستەیی و ئەقڵی گەرەکە بۆ ئەنجامدانی بەشێوەیەکی ڕاست و دروست، چونکە لە بناغەدا چالاکییە وەرزشییەکان بریتییە لە خەرجکردنی بڕێکی زۆر لە وزەی جەستەیی و عەقڵی.

لە ڕوانگەی ماریا مۆنتیسۆری دامەزرێنەری ڕێبازی پەروەردەیی مۆنتیسۆری، دەربارەی کردەی یاریکردنەوە دەڵێت: « یاریکردن لایەنێکی چارەنووسسازە بۆ فێربوون و گەشەکردنی منداڵ. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە منداڵان لە ڕێگەی ئەزموونی دەستی و گەڕان بە باشترین شێوە فێر دەبن، کە زۆرجار لە کاتی یاریکردندا ئەم ئەزموونانە ڕوودەدەن.
مۆنتیسۆری پێی وابوو کە یاریکردن دەبێت ئامانجدار و مانادار بێت، ئەمەش ڕێگە بە منداڵان دەدات کە پەیوەندی بە ژینگەکەیانەوە بکەن و پەرە بە کارامەیی گرنگ بدەن، وەک توانا جەستەییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان، داهێنان و کارلێکی کۆمەڵایەتی.»

سەبارەت بە وانەی پەروەردەی وەرزشیی و چالاکییە وەرزشییەکان لەلای فێرخوازان کارێکی چێژبەخشە، هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ فێربوون و بەدەستهێنانی زانیاری لە ئاستێکی فراواندا. لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگایەکی زۆر باشە کە فێرخوازان لەڕێگایەوە پەرە بە توانا مەعریفی، کۆمەڵایەتی، سۆزداریی و جەستەییەکانی خۆیان دەدەن.

وانەی پەروەردەی وەررزش، کە بە وانە دڵخوازەکەی فێرخوازانیش ناوزەند دەکرێت، سەرباری نەبوونی پێداویستی سەرەتایی و گۆڕەپانی شیاو و بەردەستی پێویست تایبەت بە وانەکە لە قوتابخانە و ناوەندە فێرکارییەکان، لێ هێشتاکە وانەکە بە دڵخوازترین و بەچێژترین وانەی فێرخوازان دێتە هەژمار.

زۆرجار وانەی پەروەردەی وەرزش و یارییە جیاوازەکان لە قوتابخانەکان وەکوو وانەیەکی لاوەکیی و چالاکییەک تەنها بۆ کات بەسەربردن و کەیفخۆشی سەیر دەکرێت، بەڵام وانەی پەروەردەی وەرزش و چالاکییە وەرزشییە جیاوازەکان لە وانەکەدا زۆر لەوە زیاترە. بۆیە پێویستە ئێمەی مامۆستایانی وانەکە گرنگیی پێویستی وانەکە زیاتر نیشان بدەین و ئەو تیڕوانینە هەڵەیە ڕاست بکەینەوە کە تەنها وەکوو وانەیەکی لاوەکیی و کات بەسەربردن سەیر بکرێت.

سەرباری پێویستیی و گرنگی وانەکە، زۆرجار وانەکانی پەروەردەی وەرزشیی ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە لە قوتابخانەکان، ئاڵەنگاریی و کێماسییەکان جۆراوجۆرن و بەپێی شوێن و ناوەندەکان جیاوازن، بەڵام لە دیارترین کۆسپ و ئاستەنگەکانی وانەکە بریتین لە:

١- نەبوونی مامۆستای پسپۆر لە هەندێک لە قوتابخانەکان، بەتایبەت ناوچە و دێهاتە دوورە دەستەکان، هەروەها وتنەوەی وانەکە لەلایەنەن مامۆستایەکی تر کە پسپۆڕی لە پەروەردەی وەرزشیدا نییە تەنها بەمەبەستی تەواوکردنی بەشەوانەی مامۆستای وانە و بابەتێکی تر.

٢- نەبوونی ڕاهێنانی وەرزیی و ساڵانەی تایبەت بە مامۆستایانی پەروەردەی وەرزش، بۆ ئاگاداربوون لە نوێترین گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونەکانی وانەکە و زیادبوونی زانیاری مامۆستایان بۆ پێشکەشکردنی باشترین و چێژبەخشترین وانە بە فێرخوازان.

٣- نەبوونی پلانی ساڵانەی وەرزشیی لە ساڵانی ڕابردوو کە تیایدا سەرجەم چالاکیی و بەرنامە وەرزشییەکان لەخۆ بگرێت بۆ کۆی خوێندنی ساڵەکە، تاکوو ببێتە ڕۆشنەڕێ و بەرچاوڕوونی بۆ تەواوی مامۆستایانی وەرزش، بەڵام ئەوەی ئێستا جێگای دەستخۆشیی و پێزانینە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی وەرزش بۆ ئەمساڵی خوێندن ئەم بۆشاییەی پڕکردۆتەوە و پلانێکی گشتگیر و هەمەلایەنەی داناوە بۆ سەرجەم چالاکیی و بەرنامە وەرزشییەکان بۆ فێرخوازان و مامۆستایانی وەرزش.

٤- نەبوونی پێداویستی وەرزشی پێویست لە ناوەندەکانی خوێندن، بەتایبەت لە شوێنە دوورە دەستەکان کە کۆسپی گەورەی بەردەم وانەکەیە کە مامۆستای وەرزش ناتوانێت وەکوو پێویست چالاکیی و یاری جیاواز پێشکەشی فێرخوازان بکات.

٥- نەبوونی پڕۆگرامێکی شیاو و گونجاو بۆ پۆلەکانی بازنەی یەکەم و دووەم و بوونی کەموکوڕیی لە پڕۆگرامەکانی پۆلەکانی بازنەی سێیەم و قۆناغی ئامادەیی.

٦- نەبوونی گۆڕەپانی شیاو و گونجاو کە تیایدا چالاکیی و یارییە جیاوازەکانی تیادا ئەنجام بدرێت.٧- نەبوونی بودجەی پێویستی ساڵانە تایبەت بە وانەکە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە، ئەو بودجەیەی کە بەردەستە لە پارەی فڕۆشگای قوتابخانەکان دەدرێت کە ئەمەش بڕێکی کەمە و بەشی تەواوی پێداویستیی و ئەنجامدانی چالاکییە وەرشییەکان ناکات.

٨- کەمکردنەوەی بەشەوانە و کاتی وانەکە لە بازنەکانی دووەم و سێیەم کە وادەکات ئەو خولیا و ئارەزووەی فێرخوازان بۆ وانەکەیان هەیە بڕی نەکات و وەک پێویست چێژی لێنەبینن.

 

چارەسەرکردنی ئەم پرسانە پێویستی بە چارەسەرێکی فرەلایەنە هەیە کە بریتییە لە زیادکردنی بودجە قوتابخانەکان، پەرەپێدانی پیشەیی بۆ مامۆستایان، چاکسازیی لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و جەختکردنەوەیەکی زیاتر لەسەر سوودە زۆر و زەوەندەکانی چالاکیی جەستەیی بۆ فێرخوازان و هتد…
بە چارەسەرکردنی ئەم خاڵانەی ئامانژەم پێیان کرد ڕەوتی وانەکە بەرەو ئاقارێکی تر دەڕوات و پێشڤەچوون و گۆڕانکاری گەورە بەدی دێت لە جوڵەی وەرزشیی و لێهاتوویی فێرخوازان..

ماوەتەوە بڵێم: لەگەڵ ئەوەی کۆسپ و ئاستەنگی بەردەم وانەکە زۆرن، بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نایەت کە ئێمەی مامۆستایانی پەروەردەی وەرزشی دەستەوەستان بین و کار و هەنگاوی پێویست نەنێین بۆ بەخشینی چێژ و خۆشیی بە وانەکە و بەهرەمەندبوونی فێرخوازان لە وانەیەکی وەها گرنگ و پێویست کە دڵخوازترین وانەی فێرخوازەکانمانە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پەروەردەکاران، دایکان و باوکان بەهای وانەی پەروەردەی وەرزش وەک ئامرازێکی پەروەردەیی گرنگ و بەهێز بناسن و دەرفەتی فراوان بڕەخسێنن و هاوکار بن لەگەڵ مامۆستای وانەکە بۆئەوەی لە ڕێگەی وانەی پەروەردەی وەرزش و چالاکییە وەرزشییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەکان فێرخوازان هەم چێژ ببینن و هەم فێربن.

 

دابەش کردنی نەوتی سپی ماڵان بەردەوامی هەیە و، سبەی ئەم شوێنانە وەریدەگرن
پێت دابەش کردنی نەوتی سپی ماڵان بەردەوامی هەیە و، سبەی ئەم شوێنانە وەریدەگرن
کەڵەکەبوونی زیانەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کاریگەری لەسەر تواناکانی سەربازانی سوپا هەیە
دوات کەڵەکەبوونی زیانەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کاریگەری لەسەر تواناکانی سەربازانی سوپا هەیە
پەیوەندیدر