پسپۆڕێكی یاسایی ڕایدەگەیەنێت، سیستمی یەک بازنەیی سیستمێکی ئێکسپایەر و کۆنە، نادادپەروەری زۆری تێدایە و دەشڵێت: یەکێک لەلایەنە باشەکانی سیستمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن توانەوەی ئەو حزبە بچوکانەیە، کە بوونەتە بار بەسەر خەڵکەوە و لە دەسەڵات و وڵاتانیش پارە وەردەگرن.
مامۆستا دەریا محەمەد، شارەزایی یاسایی و مامۆستای زانکۆی کۆیە بۆ (دەنگی كوردی ئەمریكا) ڕایگەیاندووە، سیستمی یەک بازنەیی سیستمێکی ئێکسپایەر و کۆنە، نادادپەروەری زۆری تێدایە، بەگشتی لە وڵاتانی دیموکراتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێستا ئەو سیستمە جێبەجێناکرێت، جگە لە ئیسڕائیل ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک هەتائێستاش سیستمی یەک بازنەیی لە هەڵبژاردنەکانی جێبەجێدەکات، ئەگەرنا ئێستا سیستمی فرەبازنەیی پەیڕێودەکرێت، چونکە ئەم سیستمە، دادپەروەری زیاتری تێدایە.
وتیشی، “ئەم سیستمی فرە بازنەییەی جێبەجێکرا لە زیانی پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبە زۆر بچوکەکان بوو، ئەگەرنا لایەنەکانی تر پێموانیە گرفتیان هەبێ و پشتیوانی دەکەن، باسی ساختەکاری ناکەم، بەڵام خۆی سیستمی فرەبازنەیی ئەمجارە دادپەروەری زیاتری تێدایە، لیستی وەک هەڵوێست ئەگەر یەک بازنەیی وەکجاران بووایە سێ کورسی دەبرد بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانە، بەڵام چونکە فرەبازنەییە توانیوێتی چوار کورسی ببات”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو حزبە زۆر بچووکانەی، کە نەیانتوانیووە بەهۆی سیستمی فرەبازنەییەوە کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، زیاتر ئەو حزبانەن کە بەبۆچونی خۆم بونەتە بار بەسەر خەڵکەوە لە حکومەت و حزبە فەرمانڕەواکان پارە وەردەگرن، هەتا بەدانپێدانانی خۆیان لە وڵاتانی هەرێمی و دەرەوە پارەیان وەرگرتووە، کە ئەمە بەڕاستی کفری سیاسییە، بۆیە یەکێک لەلایەنە خراپەکانی سیستمی یەک بازنەیی دروستبوونی ئەو حزبانەیە، یەکێک لەلایەنە باشەکانی سیستمی فرەبازنەیی هەڵبژاردن توانەوەی ئەو حزبە بچوکانەیە، کە بوونەتە بار بەسەر خەڵکەوە.
وتوشیەتی، “لە فرە بازنەیی بەتایبەت ئەگەر بازنەکان زیاتر فراوان بکرێن و ژمارەیان زیادبکرێ ئەم حزبانە ناتوانن کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و دەتوێنەوە، بەداخەوە ئەو حزبە بچوکانە هەتائێستاش نەیانتوانیووە دوای دەیان ساڵ لەدروستبونیان بگەنە دەسەڵات، لەکاتێکدا ئەرک و مەهامی هەر حزبێک کەدروست دەبێت کارکردنە تا بگاتە دەسەڵات و دروستکردنی ڕای گشتیە، ئادەی لای ئێمە کام لەو حزبە بچوکانە توانیویانە بگەنە دەسەڵات! یا ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ نمونە لەسەر کێشەی نەبونی مووچە و کارەبا ڕای گشتی دروست بکەن و پێشڕەوی خەڵک بکەن لەخۆپیشاندان، ئەمەیە ئەو هەڵە تێگەیشتنەی لای ئێمە هەیە بۆ مەهامی حزبی سیاسی”.