داهاتی یەك هەفتەی سلێمانی لە ڕۆژی (19-10-2024 بۆ 25-10-2024)، بڕی زیاتر لە 9 ملیار دینار بووە، كە زۆرینەی بە نەختینە بووە، كە بەهۆی پشووی هەڵبژاردن داهاتەكەی بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 4 ملیار دینار كەمی كردووە
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (شەفافیەت) كە تایبەتە بە خستنەڕووی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داهاتی یەك هەفتەی ڕابردوو، بڕی 9 ملیار و 80 ملیۆن و 174 هەزار و 425 دینار بووە.
بەپێی ماڵپەڕەكە، داهاتەكە بەجۆرێكە، كە زیاتر لە 7 ملیار و 815 ملیۆن دیناری داهاتەکە بەشێوەی نەختینەیە، كە ڕێژەی 86% بووە و یەك ملیار و 264 ملیۆن دیناری داهاتەکە بەشێوەی چەکە، كە ڕێژەی 14% بووە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە داهاتی هەفتەی ڕابردوو 13 ملیار و 948 ملیۆن دینار زیاتر بووە و بەوەش زیاتر لە 4 ملیار دینار داهات كەمی كردووە.
ڕۆژی 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم كردنەوەی ماڵپەڕی (شەفافیەت)ی بۆ خستنەڕووی داهاتی نانەوتی سنووری یەكێتی ڕاگەیاند.