مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبۆوە و سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، “ئێستا یەکێتیمان گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی سەرۆک مام جەلال لە قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی لە دونیادا”.
ئەمڕۆ ٢٤ی ١٠ی ٢٠٢٤ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە، و بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، هۆکاری سەرکەوتنی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گەڕاندەوە بۆ یەک وتاری و یەکڕیزیی سەرکردایەتی و هیمەتی هەڤاڵانە لە کەمپینە پڕ جۆش و خرۆشەکانیان کە رۆحی بەرزی یەکێتی بوونیان زیندووکردەوە، بە تایبەت لەناو کوڕان و کچانی لاودا.
وتیشی” ئەم جۆش و خرۆشە هانمان دەدات پێداگری بکەین لەسەر پەیامی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و گێڕانەوەی هاوسەنگی هێز و پابەندبوون بەو بەڵێنانەی بە خەڵکە خۆشەویستەکەی خۆمانمان داوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانەوە هەیە، لەناویشیاندا پرسی (تەوتین)ی مووچە. ئاماژەی بەوەشدا، سەرکەوتنمان هەر لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق نییە، بەڵکو ئێستا یەکێتیمان گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی سەرۆک مام جەلال لە قورسایی سیاسی و دیپلۆماسی لە دونیادا.
سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆبوونەوەکەدا پێزانینی بۆ جەماوەری کوردستان دەربڕی سەبارەت بەو متمانەی بە یەکێتییەکەی خۆیانیان دایەوە و جەختی لەسەر ستراتیژی گەڕانەوە بۆ پرەنسیپەکانی سەرۆک مام جەلال کردەوە کە هەمیشە لە خزمەتی خەڵکی بەوەفای کوردستاندا درێغی نەکات، بۆ ئەو مەبەستەش ئۆرگانەکان و هەڤاڵان راسپێردران وزە و توانای خۆیان بخەنە خزمەت ئەو دیدگایەی کە بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کەمپینی هەڵبژاردندا ناوی لێنا (کوردایەتی نوێدەکەینەوە) لەسەر بنچینەیەکی سەردەمیانە کە خزمەتی راستەقینە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.