دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی فەرمی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمان، بۆ یەکەمجار ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆدەبێتەوە.
میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆدەبێتەوە.
کۆبوونەوەکە دوای دەرکەوتنی ئەنجامی بەرایی فەرمی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان دێت کە تێیدا دەردەکەوێت ژمارەی دەنگەکانی یەکێتی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
ڕۆژی سێشەممەش مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکەدا هاتووە: مەکتەبی سیاسی “پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەڤاڵانی یەکێتی و کاندیدە تێکۆشەرەکان و جەماوەری وەفاداری حزبی شەهیدان کرد کە سەروەری گەورەیان لە دوو هێندەکردنی دەنگەکانی یەکێتی تۆمار کرد و بە کەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ سەرۆک بافڵ توانییان پەیامی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی هاوسەنگی هێز بەرجەستە بکەن و راستگۆیی گوتاری ڕاست و رەوای یەکێتییەکەیان دووپات بکەنەوە کە هەر ئەم پەیامەش نەخشەڕێی سیاسەتی داهاتووی یەکێتیی دەبێت لە نوێکردنەوەی دیموکراتییانە و دادپەروەرانەی پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی لە سەرجەم بوارەکان کە هەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکەکەمان دەبێت”.
ئەوەشخرایەڕوو کە مەکتەبی سیاسی “هەڤاڵان و دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە هەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی حزبەکەیان لە پرۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکووک و لە هەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن”.