هەدەپە تەنها بە 40 هەزار ئەندام پێش زۆر پارتی سیاسی كەوتووە
سبەی سێشەممە 10/1/2023 ڕۆژێكی یەكلاییكەرەوە و چارەنووسسازە بۆ باكووری كوردستان بەتایبەتی و كورد بە گشتی، چونكە ئەگەری هەیە دادگای دەستووری توركیا دووهەم هەنگاو لە دژی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە بهاوێژێت، ئەویش بڕیاری داخستنیەتی، ئەویش دوای بلۆككردنی هەژمارە بانكییەكانی تایبەت بە وەرگرتنی هاوكاریی دەوڵەت.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی توركیا و ئەگەری پێشخستنی وادەی هەڵبژاردنەكان، دەسەڵاتی توركیا گووشارەكانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و كورد چڕكردووەتەوە، یەكەم هەنگاویشی دوورخستنەوەی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانیی گەورەی ئیستەنبوڵ بوو لە كێبڕكێی سەرۆكایەتیی و هەنگاوی دووهەمیشی بلۆككردنی هەژمارە بانكییەكانی هەدەپە بوو.
بڕیارە سبەینێ لە دانیشتنی دادگای دەستووریی توركیادا بەكر شاهین، سەرۆكی داواكاریی گشتیی لە دادگای باڵای توركیا، بە شێوەیەكی زارەكیی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە داخستنی هەدەپە دەرببڕێتو دوای ئەوەش هەدەپە بەرگریی لە خۆی دەكات.
چەند ڕۆژێكە هەدەپە بووەتە جێگەی مشتومڕ لە باكووری كوردستان و لە توركیا لە سەر چەند پرسێك.
بەپێی ئامارەكانی دادگای باڵای توركیا، هەدەپە خاوەنی نزیكەی 50 هەزار ئەندامە، بەڵام سێیەم پارتی گەورەی نێو پەرلەمانی توركیایە و لە دواین هەڵبژاردندا 67 كورسی پەرلەمانی توركیای بەدەستهێناوە، لەكاتێكدا ئەكەپەی دەسەڵاتدار سەرووی 10 ملیۆن ئەندامی هەیە.
هەروەها زۆر پارتی دیكەی توركیا ژمارەی ئەندامەكانیان زۆر لە هەدەپە زیاترە، بەڵام ژمارەی كورسییەكانیان لە پەرلەمان زۆر لە هەدەپە كەمترە، یان هەر ناگەنە پەرلەمان، بۆ نمونە پارتی سیاسی هەیە، سەرووی 100 هەزار ئەندامی هەیە، بەڵام دەنگەكانی هێندە نییە تا پێی بگەتە پەرلەمانی توركیا.
بەربژێری سەرۆكایەتی، یەكێكی دیكەیە لە ئەو بابەتانەی مشتومڕی دروستكردووە، تا ئێستا هەدەپە نە بەربژێری خۆی ئاشكراكردووە، نە پشتیوانیشی بۆ بەربژێری ئۆپۆزسیۆن دەربڕیوە، هەرچەندە ئۆپۆزسیۆن خۆیشی كە بە مێزی شەش قۆڵی ناسراون خۆیان لەسەر بەربژێرێك یەكلایینەكردووەتەوە.
لەئەوبارەیەوە پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بەشداری كۆنگرەی ڕێكخستنی هەدەپەی كرد لە ئیدیر لەوێ، ڕایگەیاند، هەدەپە لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا بەربژێری خۆی بۆ سەرۆكایەتیی توركیا ڕادەگەیەنێت.
بوڵدان لە كۆنگرەی پارتەكەیدا ڕایگەیاند، هەدەپە بۆ سەرۆكایەتیی كۆمار دەچێتە ناو هەڵبژاردنەكانەوە.
بوڵدان دەڵێت” لە دوێنێوە تەنها بابەتی بەربژێری هەدەپە لە ئارادایە، ئایا بەربژێر بۆ هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن یان نا؟ ئایا بۆچی هەدەپە بەربژێر ڕانەگەیەنێت؟ ئایا هەدەپە ئیرادەی ئەم وڵاتە نییە؟ ئایا هەدەپەش پارتێكی سیاسی نییە؟ دەمەوێت جارێكی تر هەموو ئەمانە لەبەرچاو بگرم و ڕایبگەیەنم كە هەدەپە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی خۆی كاندیدی سەرۆكایەتیی خۆی ڕادەگەیەنێت.”
بوڵدان لە درێژەی قسەیكانیدا دەڵێت ئەوان كاندیدی هەدەپە لەگەڵ یەكێتیی كرێكاران و ئازادی، یەكێتیی ژنان، یەكێتیی كورد و یەكێتیی هێزەكانی دیموكرات هەڵدەبژێرن و بێگومان ئەمە خەونی هەندێك كەس لە ستراتیژی داهاتوو هەڵدەوەشێنێتەوە.
بوڵدانی وتیشی “دەمەوێت بەتایبەتی ئەوە ڕابگەیەنم كە ئەو كەسانەی زیندان و گۆڕستان بۆ گەلی كورد و دۆستەكانیان بە ڕەوا دەبینن بە دڵنیاییەوە شكست دەهێنن”.
ئەو دەڵێت ” با ئەوانەی كە هەژمارە بانكییەكانی ئێمەیان سڕكردووە بزانن جارێكی تر هاوكاریی دارایی وەردەگرین و كەس ناتوانێت بەرامبەرمان بوەستێت، چونكە ئەمە مافێكی یاساییە، ئێمە زۆر باش دەزانین كە ئەمە بڕیارێكی سیاسی بوو، ئامانجیان ئەوەیە ئەنجومەنێك و توركیایەكی بێ هەدەپە دروستبكەن، بەڵام ئێمە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا دەنگ بەرز دەكەینەوە و سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان بە شێوەیەكی بەهێز دەچینە ناو هەڵبژاردنەوە.”