لە كۆی 21 مامۆستای ئایینی “مەلا”، كە لەسەر لیستە جیاوازەكان خۆیان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كاندید كردبوو، هیچیان دەرنەچوون. لە كاتێكدا لە خولی رابردووی پەرلەمان پێنج مەلا بوونە پەرلەمانتار.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆی 190 كاندید لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، شەش مەلای كاندید كردبوو، كە سێیان لە بازنەی هەولێر بوون، ئەوانیش: مەلا عیمادەدین مەلا فائیز، عەبدولباست بالیسانی و مەلا عەبدولعەزیز مەنتك. لە بازنەی دهۆكیش سێ مەلا لەسەر لیستی پارتی كاندیدبوون، ئەوانیش مەلا خدر ئیسلام، مەلا عەبدولقەهار نەسرەت و مەلا حوسێن نایف، بەڵام هیچیان دەرنەچوون.
دەنگی مەلا كاندیدەكان لەسەر لیستی پارتی:
– مەلا عەبدولعەزیز جەبار مەنتك، بازنەی هەولێر؛ 1949 دەنگ.
– مەلا عەبدولباست بالیسانی، بازنەی هەولێر؛ 1164 دەنگ.
– مەلا عیمادەدین مەلا فائیز، بازنەی هەولێر؛ 830 دەنگ.
– مەلا خدر ئیسلام، بازنەی دهۆك، 8,810 دەنگ (بەهۆی كۆتای ژنان دەرنەچوو).
– مەلا عەبدولقەهار نەسرەت؛ بازنەی دهۆك، 6131 دەنگ
– مەلا حوسێن نایف، بازنەی دهۆك؛ 4,274 دەنگ.
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سێ پەرلەمانتاری پارتی مەلا بوون، ئەوانیش: مەلا ئیحسان رێكانی، مەلا جیهاد حەسەن و مەلا وەیسی سەعید.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە كۆی 160 كاندید، سێ مامۆستای ئایینی كاندیدكردبوو، هەرسێكیان لە بازنەی سلێمانی بوون، ئەوانیش مەلا ئیدریس ژاڵەیی، مەلا حوسێن دووكانی و مەلا عەبدوڵڵا وەسمان ئادەم بوون، بەڵام دەنگی پێویستیان نەهێنا و نەگەیشتنە پەرلەمان.
دەنگی مەلا كاندیدەكان لەسەر لیستی یەكێتی:
– مەلا ئیدریس ژاڵەیی، بازنەی سلێمانی؛ 3,490 دەنگ
– مەلا حەسەن دووكانی، بازنەی سلێمانی؛ 1,613
– مەلا عەبدوڵلا وەسمان ئادەم، بازنەی سلێمانی: 1,001 دەنگ
نەوەی نوی، یەك مەلای لە بازنەی هەولێر كاندید كردبوو بەناوی عوسمان شێرەیی، بەڵام دەرنەچوو.
– عوسمان شێرەیی، بازنەی هەولێر؛ 2,327 دەنگ.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە سێ بازنەی هەڵبژاردن 6 مامۆستای ئایینی كاندید كردبوو، ئەوانیش مەلا رەشید خانۆ و مەلا شاكر محەممەد لە بازنەی دهۆك، مەلا ئیسماعیل محەممەد و مەلا ئیدریس كەریم، هێمن محەممەد لە بازنەی هەولێر، د. ئومێد محەممەد قادر لە بازنەی سلێمانی.
دەنگی مەلا كاندیدەكان لەسەر لیستی یەكگرتوو:
– مەلا شاكر محەممەد، لە بازنەی دهۆك؛ 429 دەنگ.
– مەلا رەشید خانۆ، لە بازنەی دهۆك؛ 427 دەنگ.
– مەلا ئیسماعیل محەممەد، بازنەی هەولێر؛ 1,842 دەنگ.
– مەلا هێمن محەممەد، بازنەی هەولێر؛ 1,332 دەنگ.
– مەلا ئیدریس كەریم، بازنەی هەولێر؛ 751 دەنگ.
– مەلا ئومێد محەممەد قادر، بازنەی سلێمانی؛ 533 دەنگ.
كۆمەڵی دادگەری كوردستان سێ مەلای كاندید كردبوو، ئەوانیش مەلا عەنتەر عیسا، لە بازنەی دهۆك سەرۆكی لیستی كۆمەڵی دادگەری بوو. ئەحمەد سۆفی حامد لە بازنەی هەولێر و مەلا عەبدوڵڵا قوڕقوڕەیی لە بازنەی سلێمانی، بەڵام دەرنەچوون.
دەنگی مەلا كاندیدەكان لەسەر لیستی كۆمەڵ:
– مەلا عەنتەر عیسا، بازنەی دهۆك؛ 2,451 دەنگ.
– ئەحمەد سۆفی حامد، بازنەی هەولێر؛ 2,210 دەنگ.
– مەلا عەبدوڵڵا قوڕقوڕەیی، بازنەی سلێمانی؛ 543 دەنگ.
لە خولی رابردوو هەر یەك لە مەلا عوسمان كانی كوردەیی و مەلا هەورامان گەچێنەیی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بوون.
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان یەك مەلای كاندید كربوو، ئەویش مەلا ئەبوبەكر ئەحمەد بوو لە بازنەی سلێمانی، كە بە مەلا خەتاب ناسراوە، بەڵام بزووتنەوە هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا.
– مەلا ئەبوبەكر ئەحمەد، بازنەی سلێمانی، 119 دەنگ