وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە خەرج كردنی دەرماڵەی مەترسی پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی یاسایی بڕیارێك دەردەكات و شێوازی خەرج كردنی ڕووندەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ڕێژەكەی لەنێوان 20- 30%ی مووچەی بنەڕەتییە.
وەزارەتی دارایی عێراق بە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی گشتاندنێكی سەبارەت بە خەرج كردن و هەژماركردنی دەرماڵەی مەترسی پیشەیی بۆ فەرمانبەرانی یاسایی دەركردووە و جەختی كردۆتەوە، كە خەرج كردنەكە بە پشت بەستنە بە مادەی 13 لە یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008ی هەموار كراو.
بەپێی گشتاندنەكە، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، دەرماڵەی مەترسی پیشەەیی بۆ فەرمانبەرانی یاسایی بەڕێژەی 20 بۆ 30%ی مووچەی بنەڕەتی هەژمار دەكرێت بەو مەرجەی فەرمانبەری یاسایی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت لە یاسا و هەستێت بە ئەنجامدانی كاروباری یاسایی لە فەرمانگەی یاسایی یان بەشی یاسا یان ئەگەر بەشەكە یاسا نەبوو دەبێت كاری یاسایی بكات بەپێی سروشتی كاری فەرمانگەكە.
هەر بەپێی گشتاندنەكە، ئەگەر فەرمانبەرێكی یاسایی لەسەر بڕوانامەی یاسا دامەزرابوو، هەروەها كارەكەی یاسایی بووو، بەڵام كاروباری كارگێڕی ئەنجام دەدا ئەوا بەپێی گشتاندنی پێشووی ساڵی 2018 دەرماڵەی بۆ دەبەسترێت “واتە 20%ی مووچەی بنەڕەتی”.
هەر لە گشتاندنەكەدا جەختكراوەتەوە، ئەگەر فەرمانبەرێك لەكاتی وەزیفەدا بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەدەستهێنا لە یاسادا، ئەوا بۆ پێدانی دەرماڵەكە دەبێت ناونیشانە وەزیفییەكەی بگۆڕێت بۆ یاسایی بەپێی پلەبەندی ناونیشانی یاسایی و هەروەها كاری یاسایی ئەنجام بدات.