لەناوچەی كەهرمان كازانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ھێرشێکی خۆکوژی و چەکداری کرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگری ئاسمانی و فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکی بەناوی (TUSAŞ) و بەهۆیەوە 4 كەس كوژران و 14 كەس بریندار بوون، هەروەها دوو چەكداریش كوژران.
عەلی یەرلی كایا، وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، هێرشی چەكداری كراوەتە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی بەرگری ئاسمانی “توساش” لە ئەنقەرە و بەهۆیەوە 4 كەس كوژراون و 14 كەسی دیكە بریندار بوون.
ڕاشیگەیاندووە، “تەقینەوەكە تیرۆرستی بووە و دوو لە چەكدارەكان كوژراون، كە ژن و پیاوێكن”.
جەختیشی كردۆتەوە، هێزە تایبەتەكانی توركیا شوێنی ڕووداوەكەیان گەمارۆ داوە.
لای خۆشیەوە، دەم پارتی، كە پارتی كوردی توركیا ناسراوە لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەو هێرشە خۆكوژیەی و چەكدارییەی كرد و ڕایگەیاند، هێرشەكە گێرەشێوێنی و تێكدەرانەیە و گومانیان هەیە لە كاتی ئەو هێرشە.
ئەو هێرشە چەكداریی و خۆكوژییە لەكاتێكدایە، كە باسە لە هاتنەكایەی پڕۆسەی نوێی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا دەكرێت و بڕیارە دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان ئەنجام بدرێت و پەیامی دەنگی ئۆجەلان بڵاوبكرێتەوە.