ڕاوێژكارێكی یاسایی ڕایدەگەیەنێت، كاتی یاسایی بۆ تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هات و دەشڵێت: پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 پڕۆسەیەکی ئاڵۆز دەبێت.
دڵشاد بەرواری، پارێزەر و ڕاوێژکاری یاسایی لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە گوێرەی یاسا، دوێنی کاتی تانەدان، کە سێ ڕۆژ بوو کۆتایی هات و تانەی لایەنەکان تا ئیستا ڕوون نییە، بەڵام پێشبینی دەکرێت چەند لایەنێک تانەیان لە ئەنجامەکان دابێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٠ لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنی ئەنجامدانی یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان دەکات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، پەرلەمانی هەرێم کەسێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستنیشان دەکات و لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییشەوە ڕادەسپێردرێت، تا لەماوەی مانگێکدا کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێندرێت.
بە وتەی ئەوڕاوێژكارە یاساییە، ” پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 پڕۆسەیەکی ئاڵۆز دەبێت و پێویستی بە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان لایەنە جیاوازەکان هەیە. ئەگەری زۆرە سیناریۆی هاوپەیمانی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڵام گرژی و هەلومەرجی سیاسی ئێستا ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبێت”.
دەشڵێت: حكومەتی داهاتوو بێ یەکێتی و بێ پارتی هیچ سەرکەوتوو نابێت، لەبەرئەوەی ئەم دوو پارتە پێگەیەکی بەهێزیان لەناوچەکە هەیە هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی خاک.