عێراق دەیەوێت گرووپە چەکدارەکان ڕازی بکات تا خۆیان لە شەڕی دژبە ئیسرائیل بەدوور بگرن



سەبھان مەلا جیاد، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سیاسی، ڕایگەیاند کە حکومەتی وڵاتەکەی نایەوێت ببێت بە بەشێک لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان و ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی عێراق ھەوڵی داوە گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق، ڕازی بکات تا خۆیان لە شەڕی دژبە ئیسرائیل بە دوور بگرن.

سەبھان مەلا جیاد، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق  دەڵێت، حکومەتی عێراق ھەر لەسەرەتاوە، پاڵپشتی لەوە کردووە کە ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بوەستێندرێن و ئاگربەستیش لە غەززە ڕابگەیەندرێت.

ڕوونیشیکردەوە کە حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوەدابووە کە شەڕەکە تەنھا لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە سنووردار بێت و بەرەو ناوچەکە پەرە نەسێنێت، تا ئەو کاتەی چارەسەرێک بۆ دۆخەکە دەدۆزرێتەوە.

وتیشی: کاتێک ئیسرائیل غەززەی لاواز کرد، ئینجا شەڕەکەی گواستەوە بۆ باشووری لوبنان کە ئەوەش بووە پاساوێک تا بەرەکانی مقاوەمە بچنە نێو شەڕەکەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی عێراق لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ وەستاندنی شەڕ لە غەززە و لوبنان.

سەبهان مەلا جیاد، پێیوایە کە ئیسرائیل دەیەوێت، ئێران پەلکێشی شەڕەکە بکات و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئێران بینی، ئەمریکا و ڕۆژئاوا پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەن، پەیامێکی نارد کە ناوەرۆکەکەی بریتی بوو لەوەی “ئێمە ناکەوینە ناو تەڵەکەوە”.

باسی لەوەش کرد کە پێویستە ئێران دوای ئەوەی ئەو پەیامەی ئاراستەکرد، نەکەوێتە ناو تەڵەی شەڕی بە وەکالەتەوە.

وتیشی: “ئێران کە شەڕی ناوێت، دەبێت پاڵپشتی لە چارەسەری دیپلۆماسی و سیاسی بکات”.

ڕاشیگەیاند کە حکومەتی عێراق ھەوڵی داوە گرووپە چەکدارەکان ڕازی بکات تا خۆیان لە شەڕی دژبە ئیسرائیل بەدوور بگرن.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری سیاسی، دەشڵێت ئێستا بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان، ١٠ ھەزار ھاووڵاتیی لوبنان وەک پەنابەر ھاتوونەتە عێراق و وتی: “بوونی پەنابەرە لوبنانییەکان لە عێراق پرسێکی کاتییە، چونکە بەمزووانە شەڕ لە لوبنان کۆتایی پێدێت”.

سەبھان مەلا جیاد ڕوونیشی کردەوە کە سەرجەم لایەنەکان لەنێویاندا ئیسرائیل، ئامادەن بۆ چارەسەکردنی ململانێیەکانیان، سازش بکەن و وتی: “پێموایە بە ناڕاستەخۆ ڕێککەوتنێک لە ڕێگای ئەمریکا و فەڕەنساوە ھەیە بۆ کۆتاییھێنان بە شەڕ و ڕاگەیاندنی ئاگربەست”.

وتیشی: “ئەگەری ھەیە بەمزووانە شەڕ لە لوبنان، کۆتایی پێبێت و ئەو پانەبەرە لوبنانییانەی کە ھاتوونەتە عێراق، گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان پێ باشترە لەوەی لە عێراق بمێننەوە و ئەگەر بیانەوێت لە عێراق بمێننەوە، ئەوا دەرگاکەمان بەڕووی ئەوانەدا کراوەیە”.

ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ حەج دەرچووە، ئاگاداردەکرێنەوە
پێت ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ حەج دەرچووە، ئاگاداردەکرێنەوە
کورسییەکانی پەرلەمان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن
دوات کورسییەکانی پەرلەمان بەم شێوەیە دابەش دەکرێن
پەیوەندیدر