لاهور شێخ جەنگی لە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتەوە باسی “دوا هەلی دیموکراسی” هەرێم دەکات



سەرۆکی بەرەی گەل بە پێویستی دەزانێت نووسینەوەی دەستووری هەرێم و دروستکردنی هێزێکی یەکگرتوو بۆ هەرێم، بکرێنە کاری لە پێشینەی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە وتارێکیدا کە لە ژمارەی ئەمڕۆی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا بڵاوکراوەتەوە، باس لە دەرەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە و ئایندەی هەرێمی کوردستان دەکات.

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: هەمووان دەزانن کە لە نەمانی پەرلەماندا، دامودەزگاکانی حکومەت و دەسەڵاتەکانی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمدا شەرعیەتیان نییە، ئەمەش بەو مانایە دێت پرۆسەی دیموکراسی کە تایبەتمەندییەکی بنەڕەتی ئەزموونەکەی هەرێم بوو، تا ڕادەیەکی زۆرە پەکخراوە بۆیە هەڵبژاردن پێویستیەکی حەتمی بوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان شەرعیەت بۆ هەموو دامودەزگاکانی و سیستمی حوکمڕانییەکەی بگێڕێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دابەش کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە “هەڵبژاردنەکە لە نێو کۆمەڵێک قەیراندا هات کە باڵیان بەسەر دۆخی گشتی هەرێمی کوردستاندا کێشاوە کە خۆی ڕووبەڕووی زۆرێک لە ئاڵنگاری سیاسی و ئەمنیی و ئابووری بووەتەوە. لە کاتێکدا دەنگدەران چاویان لە باشترکردنی بارودۆخی ئابووری خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری هەرێمە، کە ئەمەش ڕێڕەوی حکومڕانی و یەکپارچەییەکەی و دامەزراوەکانی خستووەتە سەنگی مەحەکەوە”.

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: “هەڵبژاردنەکانیش بەستێنەکەی گرنگییەکی زۆری هەیە لە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە تا چەند پێوەرەکانی دیموکراسی سەرەتایی بەدەست دەهێنێت، لەوانەش یەکپارچەیی و… شەفافیەت، و داننان بە ئەنجامەکانی لەلایەن لایەنە کاریگەرەکانەوە، بە تایبەت کە گۆڕانکاری لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە حەتمییە”.

سەرۆکی بەرەی گەل لەگەڵ بەبیرهێنانەوەی ئەو پارێزپەبندییەی کە دەستوور لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا بە هەرێمی کوردستانی بەخشیوە دەڵێت: “بە هۆی پەکخستنی دامەزراوەکانی یاسادانان و چاودێری و ئیفلیجبوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و گومانەکان لە ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان و دادگاکان، هەرێمی کوردستان لە لاوازترین قۆناغدایە.. ئەو هەرێمەی کە بووەتە تاقانەی ڕۆژگار بۆ گەلی کورد کە بەسەر عێراق و ئێران و تورکیا و سووریادا دابەش کراوە”.

لاهور شێخ جەنگی ڕاشیگەیاندووە کە سەرباری گومانەکان، هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ دەیەم ئەزموونێکی دیموکراسی فرەرەنگی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی و هزری بووەم ئەمەش تایبەتمەندیەکی سەرەکی و بێوێنەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکەدا، بەڵام ئیفلیجبوونی دامەزراوەکانی لەم ساڵانەی دواییدا، بووەتە هۆی پاشەکشەی دیموکراست و نەمانی متمانەی هاووڵاتییان بە ئەزموونە سیاسییەکەی هەرێم، بۆیە هەڵبژاردن هەلێکی نایاب بوو بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان.

لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ بیرهێنانەوەی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێت: “شەرعیەتی ڕاستەقینە لە هێزی گەل و یەکڕیزییەکەیەوە بەدیدێت و مێژووش دەڵێت، هەموو سیستم و حکومڕانەکان جێگرەوەی هەیە تەنها گەل نەبێت کە جێگرەوەی نییە”.

سەرۆکی بەرەی گەل هیوادەخوازێت کە هێزە کارا و کارگەرەکان ئەرکی گواستنەوە لە دیموکراسی نیمچە چەکدارەوە بۆ دیموکراسی مەدەنی ڕاستەقینە بگرنە ئەستۆ لە ڕێگەی میکانیزمە بەردەستەکان و هەوڵی چڕ بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە و بە پێویستیشی دەزانێت کە ئەو ئەرکە بکرێتە کاری لە پێشینەی قۆناغی داهاتووە.

لاهور شێخ جەنگی لە کۆتایی وتارەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت نووسیوێتی: “گەورەترین بەرپرسیارێتی کە دەکەوێتە سەر شانی پەرلەمانی داهاتوو، دروستکردنی هێزێکی سەربازی یەکگرتوو دەبێت کە بەرپرسیار بێت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان لەبری بەرژەوەندی تەسکی حزبی، بەمەرجێک ئەو هێزانە بێلایەن بن و بە هەمان دووری لە هەموو کارەکتەرە سیاسییەکان بووەستێت، هه ڕوەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ سڕینەوەی شوێنەواری دوو ئیدارەیی ئەو پەرتبوونە گەورەیەی کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە هەرێمی کوردستان بەدەستییەوە دەناڵێنێت”.

دادگای فیدراڵی دەربارەی گرانیی نرخی نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
پێت دادگای فیدراڵی دەربارەی گرانیی نرخی نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
گوڵتان کشاناک: ڕەنگە هەفتەی داهاتوو گوێمان لە دەنگی ئۆجەلان بێت
دوات گوڵتان کشاناک: ڕەنگە هەفتەی داهاتوو گوێمان لە دەنگی ئۆجەلان بێت
پەیوەندیدر