بەپێی زانیارییەكانی بەرپرسان، حكومەتی عێراق لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە، فشاری خستووەتە سەر پارتی ئازادی كوردستان كە هێزێكی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە، تا هێزەكانیان لە میحوەری پردێی سنوری كەركوك دوور بخەنەوە، لە كاتێكدا ئەو هێزە ماوەی 9 ساڵە لە سنووری كەركوكدا بارەگا و خاڵی سەربازییان هەیە.
بەرپرسانی پارتی ئازادی كوردستان، هەوڵەكان بۆ دەركردنی هێزەكانیان لە میحوەری پردێی رۆژهەڵاتی كەركوك، بۆ فشاری ئێران لەسەر عێراق دەگێڕنەوە، بە تایبەت كۆتایی ساڵی ڕابردوو، دووجار بنكە و بارەگاكانیان لەو ناوچەیە لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان كراوەتە سەر.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی كوردستان كە پارتێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند”سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامی ئەوەی بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە، گەر هەرێم و عێراق وەكو نەیار رەفتار ناكەن، با سەنگەرگیری لەبەرانبەر یەكتری نەمێنێت، فشارەكە زیاتر بۆ ئەوەیە هێزەكانی ئێمە لە پردێ نەمێنێت.”
هاوكات لەگەڵ بۆمبارانكردنی بنكە و بارەگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی و دەوروبەری شاری كۆیەی پارێزگای هەولێر، لە ڕۆژی 28/9 ی ساڵی ڕابردوو، ئێران بنكە و بارەگاكانی پارتی ئازادیشی لە میحوەری پردێ بۆمبارانكرد.
هەروەها لە ڕۆژی 22/11/ 2022 جارێكی تر بنكە و بارەگاكانی ئەو پارتە لەسنووری پردێ كەوتەوە بەر هێرشی ئێران، لە هەردوو هێرشەكەدا، 9 پێشمەرگەیان كوژراو 22 پێشمەرگەی تریان برینداربوون، ئەمە جگە لە خاپووربوونی خاڵە سەربازییەكانیان.
خەلیل نادری، وتیشی ” ئێران فشاری خستووەتە سەرعێراق، تا هێزەكانی ئێمە لە میحوەری پردێ نەمێنن، ئەم پەیامە گەیەنراوەتە بەرپرسانی هەرێم و ئاگادارین.”
دەنگی ئەمەریكا چەند جارێك پەیوەندی بە ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە كرد بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی لایەنی عێراقی لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام هەتا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵامی نەداوەتەوە.
پێشتر محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیری عێراق، لە وتارەكەیدا لەو كۆنفرانسە تایبەتەی لەسەر ڕەوشی عێراق بوو لە عەمان پایتەختی شانشینی ئوردون، جەختی كردەوە لەوەی هەرگیز ڕێگە نادرێت هیچ لایەنێك لە ناو خاكی عێراقەوە ببنە مایەی هەڕەشەو مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی عێراق.
لەكاتێكدا هەندێك زانیاری لەبەردەستدان لەسەر جێهێشتنی میحوەری پردێ لەلایەن هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستانەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەو هێزە زانیارییەكان ڕەتدەكەنەوە و لێدوانی ڕوونیش لەبارەی ئایندەی هێزەكەیانەوە لەو ناوچەیە نادەن.
ڕێباز شەریفی، وتەبێژی سوپای میللی كوردستان باڵی سەربازی پارتی ئازادی، بە دەنگی ئەمەریكای وت”تا ئێستا بڕیارەكە نەگەیشتووەتە ئێمە بۆ جێهێشتنی میحوەری پردێ.”
بوونی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان لە سنووری كەركوك دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی داعش، كە لە ساڵی 2014 ەوە لەو پارێزگایە بوونیان هەیە و لە ناوچەكانی ڕۆژاوای كەركوك شانبەشانی پێشمەرگەی هەرێم خاڵی سەربازییان هەبووە، بەڵام لە ڕۆژی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 هێزەكانیان بۆ سنوری پردێ كێشایەوە.
كەمال كەركوكی، سەرپەشتیاری مەكتەبی سیاسی كەركوك_گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان و فەرماندەی پێشووی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە، ئاگاداركردنەوەی پارتی ئازادی بۆ چۆڵكردنی میحوەری پردێ ڕەتنەكردەوە، بە دەنگی ئەمەریكای وت “لە فەرماندەكانی پێشمەرگە بپرسن باشترە.”
هەوڵەكانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی پارتی ئازادی لە میحوەری پردێ لە چوار چێوەی فشارەكانی ئێراندایە بۆ سەر پارتە كوردییەكانی رۆژهەڵات، كە دەیەوێت عێراق و هەرێم ناچار بكات بە داخستنی بارەگاكانیان، بەو پێیەی تۆمەتباریان دەكات بە دەست هەبوون لە ناڕەزایەتییەكانی نێو وڵاتەكەیدا.
دەنگی ئەمەریكا، لە بارەی ئەو ڕێوشوێنانەی گێراونەتە بەر بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی پارتی ئازادی لە میحوەری پردێ، پەیوەندی بە نوری حەمە عەلی فەرماندەی میحوەری پردێ ی پێشمەرگەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.