نێچیرڤان بارزانی: له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا گه‌لی كوردستان براوه‌یه‌



سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك بۆ سه‌رخستن و به‌ڕێوه‌چوونی بێ كێشه‌ی پرۆسه‌کە، “مایه‌ی شانازی و پێزانینه‌. له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا، گه‌لی كوردستان براوه‌یه‌”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وتی: “ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام و شارستانییانه‌‌، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ جیهان به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌یری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ته‌واو ده‌كات و گه‌لی كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێیه‌تی، ئه‌وه‌یه‌ دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌نجامه‌کان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ زووترین كات حكوومه‌ت پێكبهێنن.”

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

هاووڵاتییانی خۆشه‌ویست،

به‌ڕێزان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی كوردستان،

به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتن و سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، به‌ گه‌رمی پیرۆزبایی له‌ ته‌واوی گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ ده‌كه‌م. هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی ده‌نگدان، هه‌ڵنانی هه‌نگاوێكی گرنگ بوو له‌ به‌هێزكردنی ڕه‌وتی دیموكراسیی گه‌لی كوردستاندا. هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك بۆ سه‌رخستن و به‌ڕێوه‌چوونی بێ كێشه‌ی پرۆسه‌كه‌، مایه‌ی شانازی و پێزانینه‌. له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا، گه‌لی كوردستان براوه‌یه‌.

هه‌ڵبژاردن نوێكردنه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تیی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گه‌یاندنی ئازادانه‌ی بیر و ده‌نگتان بوو، بۆ دیاریكردنی نوێنه‌ره‌كانتان له‌ په‌رله‌مان. ئه‌وه‌ی له‌ گیانی كێبڕكێی ئاشتییانه‌ و ڕێژه‌ی به‌شداریی فراوانی هاووڵاتییان له‌ بانگه‌شه‌ و پرۆسه‌ی ده‌نگداندا بینرا، ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ گه‌لی كوردستان مكوڕه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی خۆی بۆ بڕیاردان له‌ چاره‌نووس و داهاتووی خۆی، به‌هێز بكات و نیشانه‌ی زیندوویی و پێگه‌یشتنی زیاتری كولتووری دیموكراسیی گه‌لی كوردستانه‌.

زۆر سوپاس بۆ هاووڵاتییانی كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ هه‌وڵ و كۆششی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان، حكوومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق، یوونامی و ته‌واوی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا، به‌شدار بوون. پابه‌ندی و هاوكاریی هه‌موو لایه‌كتان، كلیلی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ بوو. ده‌ستخۆشی و پێزانینمان ئاراسته‌ی هه‌مووان ده‌كه‌ین.

ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن به‌ شێوه‌یه‌كی ئارام و شارستانییانه‌‌، سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ جیهان به‌ ڕێزه‌وه‌ سه‌یری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ته‌واو ده‌كات و گه‌لی كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ چاوه‌ڕێیه‌تی، ئه‌وه‌یه‌ دوای په‌سه‌ندکردنی ئه‌نجامه‌کان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ زووترین كات حكوومه‌ت پێكبهێنن.

حكوومه‌تێك كه بتوانێت سه‌قامگیریی پته‌وتر و ئابوورییه‌كی به‌هێز بهێنێته‌‌ ئاراوه‌ و بره‌وی زیاتر به‌ مافه‌كان بدات، پێویستییه‌كی له‌پێشینه‌ی قۆناغ و ئاڵنگارییه‌كانی ئێستا و بنیاتنانی داهاتووی هاوبه‌شمانه‌، ئه‌وه‌ش به‌ گیانی پێكه‌وه‌یی و ته‌بایی و هاریكاریی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كان ده‌كرێت.

سڵاو و دروود له‌ گیانی پاكی شه‌هیدان.

هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
2024/10/21

هەڤاڵ ئەبوبەکر:براوە جیاوازەکان زۆرتر لەم پارێزگایەدان
پێت هەڤاڵ ئەبوبەکر:براوە جیاوازەکان زۆرتر لەم پارێزگایەدان
بافڵ تاڵەبانی:سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات
دوات بافڵ تاڵەبانی:سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات
پەیوەنیدر