بافڵ تاڵەبانی:سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات



سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی بڵاوكردنەوەی ئەنجامەكانی دەنگدان بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هیوادارم هەوڵ و خزمەتەکانی داهاتوومان پاداشتێکی گونجاوبێت بۆ دڵسۆزی و بەدەنگەوەهاتنتان.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەنگاوەکانمان بەرەو راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی چالاکتر دەکەین و بە پشتیوانیی خوای گەورە و ئێوەی خۆشەویست، ئەم کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە دەگاتە ئامانج.

دەقی پەیامەكە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
تێکۆشەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
ئازیزانمان لەهەموو نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان
ئەندام و لایەنگرانی سەرجەم هێزە سیاسییەکان
لە قووڵایی دڵمانەوە سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی بەشداریی گەرموگوڕتان لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەرەوپێشبردنی رەوتی دیموکراسی لە هەرێمەکان دەکەین و لەبەرامبەر ئەو وێنا گەش و دیموکراسییەی بە کوردستانتان بەخشی، سوپاسگوزارین و هیوادارم هەوڵ و خزمەتەکانی داهاتوومان پاداشتێکی گونجاوبێت بۆ دڵسۆزی و بەدەنگەوەهاتنتان. هەروەها بەشداریی چالاکانەی خەڵک لە پرۆسەکە و بووژانەوەی رۆحییەتی دەنگدان مایەی دڵخۆشییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، چونکە بڕوای لەمێژینەمان وایە و خۆمان بە سەرمەشقی پاراستنی پایەکانی دیموکراسی و بەرەوپێشبردنی دەزانین و هەڵبژاردنیش فاکتەرێکی بەهێز و گرنگی پرۆسەکەیە.

سوپاسی بێپایانمان ئاڕاستەی جەماوەر و خەڵکی دڵسۆزی کوردستان دەکەین کە لەم قۆناغی نوێبوونەوەی حوکمڕانی و هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی دادپەروەر و خزمەتگوزاردا لەگەڵمانبوون و دەنگدانتان بە یەكێتییەکەتان، شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە و خۆمان بە قەرزارتان دەزانین. دڵنیاشتان دەکەین هەنگاوەکانمان بەرەو راستکردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوکمڕانی چالاکتر دەکەین و بە پشتیوانیی خوای گەورە و ئێوەی خۆشەویست، ئەم کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە دەگاتە ئامانج.

یەکێتییە سەربەرزەکان و هەڤاڵانی خۆشەویستم لەسەرجەم ئۆرگانەکان
وێڕای پیرۆزبایی گەرم و پێزانینی زۆرم، دەستی ماندووبوونتان دەگووشم لەبەرامبەر شەونخونیتان بۆ سەرخستن، نوێکردنەوە و گەشەکردنی زیاتری یەکێتییەکەتان کە لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکرد و بەخۆشحاڵییەوە ژمارەی دەنگەکانمان نزیکەی 200 هەزار دەنگ زیادیکردووە، ئەمەش جگەلەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە، بەرپرسیارێتییەکی مێژووییشە تاوەکو هەوڵەکانمان بۆ خزمەتکردنتان چڕتر بکەینەوە و کاری باشتر و جدیتر لەپێناو هێنانەکایەی کوردستانێکی ئاوەدانتر بکەین، بۆیە لە دڵەوە سوپاسگوزاری پەرۆشی و دڵسۆزیتانم. دڵنیاییشتان دەدەینێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامدەبێت لە نوێبوونەوە و هێنانەپێشەوەی گەنجە خوێنگەرم و داهێنەرەکانی وڵاتەکەمان بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری حزبەکە و پاشان بەڕێوەبردنی هەرێمەکەمان.

ئەوەی مایەی خۆشحاڵیی ئێمەیە، لە بازنەکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەکێتی زەمینەیەکی تەواو لەبار و گونجاوی بۆ هەموو لایەنەکان رەخساند تاوەکو ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن و بەشێکی گرنگی سەرخستنی پرۆسەی دیموکراسی بن. ئێستاش کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی کۆتاییهاتووە، شانازی دەکەین لە سەرەتاوە بەشێکی گرنگی ئەو هەوڵانە بووین بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانێکی بێگەرد و دوور لە دەستتێوەردان، بەپێچەوانەی ئەو هەوڵە شکستخواردووانەوە کە ئامانجەکەی بۆ دواخستن و پەکخستنی پرۆسەکە بوو.

جەماوەری سەربەرزی کوردستان و یەکێتییە دڵسۆزەکان
سەردەمی فەرزکردنی ئیرادە کۆتاییهات و قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستپێدەکات، دواجار ویستی نوێبوونەوە و دادپەروەری سەرکەوت و ئەرکە گرنگەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات کە ئەویش پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، زامنکردنی مووچە و بەهێزکردنی دامەزراوە یاساییەکانی هەرێمی کوردستانە. بەڵێنتان پێدەدەین یەکێتی بەرامبەر دەنگەکانتان بەرپرسیار دەبێت و ئەو بەڵێنە نادۆڕێنێت کە بە ئێوەی سەربەرزی دابوو.
لێرەوە سوپاسی زۆرمان بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق و کارمەندە بەڕێزەکانیان، نوێنەری وڵاتان، چاودێران و هێزەکانی ناوخۆ دەنێرین کە رۆڵێکی گرنگیان لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گێڕا و هیوای سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازین.
پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر، بەرەو ژیانێکی سەقامگیرتر
هەر شاد و سەرفرازبن
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

نێچیرڤان بارزانی: له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا گه‌لی كوردستان براوه‌یه‌
پێت نێچیرڤان بارزانی: له‌م سه‌ركه‌وتنه‌دا گه‌لی كوردستان براوه‌یه‌
دەنگی لایەنەکان لە هەر چوار بازنەی هەرێمی کوردستان بزانە
دوات دەنگی لایەنەکان لە هەر چوار بازنەی هەرێمی کوردستان بزانە
پەیوەندیدر