مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شوكر بۆ خودای مەزن پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتوویی كۆتایی هات و خەڵكی كوردستان توانیان لە كەشێكی ئازاددا دەنگی خۆیان بدەن.
بە دڵنیاییەوە سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە سەركەوتنی گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانیەوە. بەم بۆنەوە سوپاس و پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی كوردستان و جەماوەر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەكەم.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق و کوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان و هێزە ئەمنیەكان بکەم كە پێكەوە یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت.
هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە و ئەنجامەكانی هیوایەكی نوێ و قۆناغێكی تازە بەدی بهێنێت كە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت.