سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکات تا نەورۆز کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوای دەنگدانی لە هەولێر رایگەیاند، “هیوادارم ئەمڕۆ بە ئاشتی و تەبایی تەواو ببێت، داوا لە هەموو ئەو خوشک و برایانە دەکەم کە مافی دەنگدانیان هەیە بچنە سەر سندووق و دەنگی خۆیان بدەن”.
لەبارەی بانگەشەی لایەنەکان باسی لەوەکرد، “لە هەموو هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا نەوەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە هەموو شوێنێک تەشەنوجات دەبێت، تەماشای ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بکەن ئەوە بەشێکە لە سیستمی هاندان بۆ ئەوەی پارتەکان هەوادارانی خۆیان ببەنە سەر سندووقی دەنگدان، بەڵام دواتر پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەگوێرەی قەبارەی خۆیان دابنیشن و هەڵسەنگاندن بۆ ئاییندەی گەش بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان بکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو: پێشبینی دەکرێت لە رۆژانی سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو پەرلەمان دابنیشێت.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش ئاماژەی بەوەکرد “بەگوێرەی پێشبینییەکانم پێکهێنانی حکومەت زۆر ناخایەنێت، مانگێکمان پێ دەچێت تا ئەنجام پەسەند دەکرێت واتە ئەو بابەتە دەچێتە کۆتایی مانگی 11 و دواتر لە مانگی 12دا سەری ساڵ و پشوو هەیە بۆیە دانیشتنی جیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە مانگی یەکەوە دەستپێدەکات و زۆریش ناخایەنێت، “هیوادارم پێش نەورۆز حکومەتمان هەبێت”.