نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوای دەنگدانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ رایگەیاند: “لەم پرۆسەیەدا براوەی یەکەم خەڵکی هەرێمی کوردستانە و کوردستان براوەیە.”
نێچیرڤان بارزانی، لەدوای دەنگدان راشیگەیاند، “خۆشحاڵم بەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرەڕای هەندێک شتی زۆر بچوک، بەڵام بەشێوەیەکی ئارام بەڕێوەچوو.”
وتیشی: “هیوادارم ئەمڕۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان مومارەسەی ئەو دەسەڵاتەی خۆیان بکەن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان و ناردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئەمە شەرعیەتدانە بە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان.”
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.