بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان ئەنجامەكان ڕەتدەكەنەوە و دەڵێن پیشێلكاری ئاشكرا كراوە و دەبێت سندوقەكان قردێلەی سوریان لێبدرێت.
ئەمڕۆ هەینی 18ی مانگی 10ی 2024 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە چوو، كە 952 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو لەو ڕێژەیە 918 دەنگدەر بەشداریان لە پرۆسەكەدا كرد.
بەڵام هەریەک لە یەگرتووی ئیسلامی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرەی گەل، وەك خۆیان دەڵێن، لە بەرامبەر پێشەلكارییەكان لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت، ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت ڕەتدەكەنەوە و داوا دەكەن دەنگەكانی بازنەی هەڵەبجە هەژمار نەكرێن، لەبەرامبەردا یەكیتی نشتیمانی كوردستان دەڵێت، دەتوانن سكاڵابنوسن.
لەوچوارچێوەیەشدا پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ هەینی 18ی مانگی 10ی 2024، ئەنجامی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتكردەوە و ئاماژەیان بەوەكرد سكاڵایان لە ئوفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تۆماركردووە.
ڕێبوار ئەمین لیپسراوی بەشی هەڵبژاردنی لقی 12 ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،” بەناوی لقی 12 ی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەواوی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە ڕەتدەكەینەوە.
بەرەی گەل هاوشێوەی یەگرتووی ئیسلامی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆسەی دەنگدانی تایبەتیان ڕەتكردەوە.
جەبار نەجیب نامدار سەرپەرشتیاری بەرەی گەل لە هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند،” بەهۆی ئەو پێشەلكاریانەی كە ئەنجام دران و تیمەكانی كۆمسیۆنیش وەك پێویست نەیان توانی ڕێگری لە پێشەلكاریەكان بكەن، تەواوی ئەنجامەكان ڕەتدەكەینەوە.”
یەكێتی نشتیمانی كوردستان دەڵێن، هەرلایەنێك سكاڵای هەیە دەتوانێت تۆماری بكات، پێگە و هەڵكشانی جەماوەری یەكیتی وایكردووە، هەندێك لە لایەنەكان بە بەرنامە كاریان بۆ ناشیرینكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن كردووە.
سەرەڕای نیگەرانی و سكاڵای لایەنە سیاسیەكان لەسەر ئەنجامی دەنگدانی هێزە ئەمنیەكان لە هەڵەبجە بەڵام تەواوی ئەنجامەكان لەلایەن تیمەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاڕاستەی بنكەی سەرەكی لە عێراق كران.
لە میانی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا 14 سكاڵا لەسەر پێشەلكاریەكانی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە تۆماركراوە،سكاڵاكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە لەداهاتوودا وەڵام دەدرێنەوە .