فەرماندەیی هێزەكانی 70ی یەكێتی داوای ڕاگرتنی تەقەی خۆشی لە هێزە ئەمنییەكان دەكات.
لیوا ڕوکن عومەر صالح، فەرماندە لە هێزەكانی 70ی یەكێتی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “لە فەرماندەی ھێزەکانی ( ٧٠ ) ە وە بۆ سەرجەم پێشمەرگە قارەمان و بەوەفاکانی فەرماندەی / ٧٠ وێرای سوپاس و پێزانین بێپایانم لەبەرامبەر بەشدارییەکی کاراتان لە دەنگدانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان”.
ڕاشیگەیاندووە، بەشداری گەرموگوڕتان و پیشاندانی سیمای شارستانیی و نموونەیی پیشانی هەموولایەکتان دا چۆن لە سەنگەری بەرگری قارەمان و دڵسۆزن ئەواش لەم پرۆسەی دیموکراسیەدا پێشەنگ بوون و بوونە رەمزی سەرمەشقی گۆڕانکاری لە هەرێمەکەمان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆیە داواتان لێ دەکەین لە کاتی راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی دەنگدان کەس تەقەی خۆشی نەکات و خۆشی و شادییەکانتان بە شێوازێکی شارستانی دەرببرن.