ئیسماعیل حمەعلی خورماڵی
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (2024)
شیكاری داتا و زانیارییەكانی بارستە دەنگەكان و پێشبینی كورسیەكان
پێشەكی:
لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا (13) پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دراوە. پەرلەمانی كوردستان (5)، ئەنجومەنی پارێزگاكان (2)، ئەنجومەنی نوێنەران (6) هەڵبژاردن. یەكەمین ئەزموونی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی (1992) بوو. بەداخەوە سەرەتایەكی خراپ و پرۆسەیەكی پڕ لە هەڵە و ساختەكاری بوو. ئەنجامەكەشی شەڕی ناوخۆ و دابڕانی دروستكرد. پاش سیازدە ساڵ جارێكی تر لە ساڵی (2005) هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كرایەوە. پارتی و یەكێتی و زۆرینەی پارتەكانی تر لە دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان هاوپەیمان بوون. لە ئەنجومەنی پارێزگاكان بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون. یەكێتی (765.455) دەنگی بەڕێژەی (43.3%) و پارتی (741.483) دەنگ بەڕێژەی (41.94%). واتە پێكەوە نزیكەی (85%)ی دەنگەكانیان برد. ئەمە كۆتا هەڵبژاردن بوو یەكێتی بەو بەهێزییە بەشداری بكات.
ئەگەر بە وردی سەرنجی پانتایی سیاسی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی (32) ساڵی ڕابردوو بدرێت، لە ئەنجام و دەرەنجام و دەرهاویشتەكانی بكۆڵینەوە، لە ڕوودا و هەڵوێستەكان و كاری پەرلەمانی و شێوازی دەوڵەتداری ورد بینەوە، دەتوانین بڵێین سەرەڕای زۆری پارتەكان و دروستبوون و پوكانەوەیان، كوردستان دابەش بووە بەسەر سێ ئاراستەی جیاوازدا. كە دەكرێت ناوی بنێین (بارستە دەنگ). ئەوانیش بریتین لە بارستە دەنگی:
یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان.
دووەم: یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
سێهەم: ئیسلامییەكان.
هەرچی ئەو پارتانەی ترە كە پەیدا بوون یان بەشدارییان كردووە لەو بارستە دەنگانەدا كۆبوونەتەوە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. لە داوی دروستبوونی گۆڕان و بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی (2009) وەخت بوو بارستە دەنگێكی تری ناڕازی لە دەرەوەی ئەو سێ بارستەیە بێتە ئاراوە. سەرەتا گۆڕان، پاشان نەوەی نوێ و هاوپەیمانی دیموكراسی. لە ئێستاشدا بەرەی گەل و هەڵوێست. ئەمانە دەكرا ببنە بارستە دەنگێكی تری كاریگەری جیاواز. بەڵام هەموو كاریگەرییەكانیان بردنی دەنگی بارستە دەنگی یەكێتی بوو. بە كۆكردنەوەی ئەنجامی دەنگی ئەو پارتانە لە هەڵبژاردنەكاندا دەگەیتە ئەو ڕاستیەی كە كۆی هەموویان دەكاتە هەمان دەنگی جارانی بارستە دەنگی یەكێتی و كەمێك زیاتر. ئەوان كاریگەرییەكی زۆر كەمیان هەبووە لەسەر بارستە دەنگی پارتی و ئیسلامییەكان. هەركات یەكێتی بەهێز دەبێت ئەوان لاواز دەبن. سەرەتا هەڵمەتێكی توندیان كردوو بارستە دەنگی ئیسلامی و پارتیش پێی كاریگەر بوون، بەڵام بەردەوام نەبوو و گەڕایەوە دۆخی ئاساییان. هەركات پارتێكی نوێ دێت بەشیان كەم دەبێت. بەنمونە گۆڕان نیوەی دەنگی یەكێتی برد. دوای (9) ساڵ نەوەی نوێ و هاوپەیمانی دیموكراسی هاتن و نیوەی دەنگی گۆڕانیان برد. ئەوان بەزوویی هەڵدەكشێن و دادەكشێن. دواتر بەرەو لاوازی و بێ كاریگەری دەچن و بەرگەی دوو خول زیاتر ناگرن. هاوپەیمانی بە ئیفلیجی لەدایك بوو، بەرەی گەلیش هەر خۆی بە یەكێتی دەزانی تا نا ئومێد بوو. هەڵوێستیش نەوەی دووەمی بارستە دەنگی یەكێتی یە، كە نەوەی یەكەمی جیابووەوەی گۆڕانە. ئەمانە ناتوانن ببنە بارستە دەنگێكی تری جیاواز، بۆیە لەم شیكارییەدا تەنها ئەو سێ بارستە دەنگە لەبەرچاو گیراوە.
یەكەم: بارستە دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان
لەسەرەتادا هەندێ لە پارتە بچوكەكان هاوڕا و هاوپەیمانی پارتی بوون. لە ئێستادا پارتی زیاتر بە تەنها ماوەتەوە و هەندی پارتی بچوك پشتیوانی لێدەكەن كە كاریگەرییان نەماوە. بارستە دەنگی پارتی توانیویەتی بە بەردەوامی لە نێوان (35-44%) ڕێژەی دەنگەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكات. لە دهۆك نزیكەی (70%) و لە هەولێر (50%) و لە سلێمانی كەمتر لە (10%). لە ئەنجومەنە نوێنەرایەتییەكانیش بەهۆی كورسی پارتی تری بچوك و پێكهاتەكانەوە زیاتر لە (50%)ی كورسیەكانیان بەدەستەوە بووە.
دووەم: بارستە دەنگی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
یەكێتی لە ساڵی (1991 تا 2009) هاوشانی پارتی بوو. ڕێكەوتننامەی ستراتیجیان هەبوو و برا بەش بوون. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (2005) دەنگەكانی لە پارتی زیاتر بوون. بارستە دەنگی یەكێتی توانیویەتی بە بەردەوامی لە نێوان (35-45%) ڕێژەی دەنگەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكات. لە سلێمانی نزیكەی (65%) و لە هەولێر (37%) و لە دهۆك كەمتر لە (10%).
ئەم بارستە دەنگە سەرەتا تەنها یەكێتی و چەند پارتێكی بچوك و بێ كاریگەر بوون. بەڵام پاشتر گۆڕان و هاوپەیمانی. ئێستاش بەرەی گەل و هەڵوێست. لە ئێستادا یەكێتی بەهێزترە لە جاران، بۆیە ئەو پارتانە ناتوانن وەك یەكەمجاری گۆڕان كاریگەری دروست بكەن، بە پێچەوانەوە ئەگەری زۆرە لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی بەشێكی زۆری دەنگەكانیان ببات. وەك چۆن لە گەرمەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بەشێك لە كاندیدەكانی بردن. ئەم پارتانە نەك بەهێز نابن، بەڵكو بەرەو داكشان و بێكاریگەری دەچن پاش ئەم هەڵبژاردنە.
سێهەم: بارستە دەنگی ئیسلامییەكان
ئەم بازنەیە برتین لە یەكگرتووی ئیسلامیی، كۆمەڵی دادگەری، بزوتنەوەی ئیسلامیی و ئەو كەس و ڕێكخراوە ئیسلامییانەی تر كە بەشداری سیاسیان نیە و پشتگیری ئەمانن.
لە بنەڕەتدا بارستە دەنگی ئیسلامییەكان ئەگەر زۆرتر نەبێت لە دوو بارستە دەنگەكەی تر كەمتر نیە لە ڕووی ژمارە و كاریگەرییەوە. بەڵام هەندێ ڕەوتی ئیسلامی نەبوونەتە پاڵپشتی ئەم بارستە دەنگە، بە پێچەوانەوە دژیان وەستاون و خەڵكی ئەم بارستە دەنگەیان نا ئومێد و سارد كردۆتەوە لە دەنگدان و پرۆسەی سیاسی. ئەوان خۆیان بەجۆرێك لە جۆرەكان حیزبن و سیاسەت دەكەن، جاروباریش پشتگیری دوو بارستە دەنگەكەی پارتی و یەكێتی دەكەن بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، كەچی هەلبژاردن و بەشداری سیاسی بە بیدعە و كوفر ناو دەبەن. ئەمەش تەنها كاریگەری نەرێنی لەسەر بارستە دەنگی ئیسلامییەكان هەیە. چونكە دەنگدەری بارستە دەنگی پارتی و یەكێتی گوێ بۆ كەسێكی ئیسلامیی مەشرەب ناگرێت كە پێی بڵێت دەنگدان بیدعەیە. ئەم دژایەتی و ناتەباییە كاریگەری نەرێنی هەبووە، بۆیە بارستە دەنگی ئیسلامییەكان بەگشتی نەیانتوانییوە (20%)ی ڕێژەی دەنگەكان تێپەڕێنن. باشترین حاڵەتیان ساڵی (2010) بوو كە توانیان (367.642) دەنگ بەدەست بهێنن بە ڕێژەی (19%). یەكگرتوو (214.222)، كۆمەڵ (144.996) و بزوتنەوە (8.424) دەنگ.
لەسەرجەم هەلبژاردنەكاندا كەسایەتی و لایەن و گروپ و ڕەوتی بچوك هەبوون بەشدارییان كردوە، بەڵام كورسیان نەبردووە یان سەرجەمییان (1-3) كورسیان بردووە. واتە ڕێژەیان زۆر كەمە و لە (3%) تێناپەڕێت. دواتر لە ناو پەرلەمانیش ئەو كورسیانە زیاتر خزمەتی بە یەكێك لە بارستە دەنگەكانی تر كردووە. بۆیە ناتوانرێت وەك بارستە دەنگێك هەژمار بكرێن.
كەواتە بەپێی داتاكانی ڕابردوو، بارستە دەنگی پارتی زیاتر لە (35%) پێكدەهێنن، بارستە دەنگی یەكێتی كە لە (6) لیستی لەخۆ گرتووە ڕێژەیان نزیكەی (45%) دەبێت. بارستە دەنگی ئیسلامییش لە (20%) تێناپەڕێت.
پێشبینی بۆ كورسییەكانی هەڵبژاردنی (2024)
تێڕوانینیێك بۆ دۆخی پارتەكان
ئەگەر بەخێرایی بڕوانینە ئەم چوار ساڵەی ڕابردوو و ڕوداوەكانی، دەكرێت وێنەیەكی خێرای ئێستای ئەو پارتانە بخەینەڕوو بەم شێوەیە:
پارتی: لەم خولەدا لە پاشەكشەدا بووە بەهۆی قەیرانە زۆرەكانی حكومەت و پەرلەمان و هەڵوێستەكانی و توندی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و خودی یەكێتی كە لە دەسەڵاتدا بووە. هەروەها بابەتی مووچە و ناڕەزایەتییەكان و گرفتە ناوخۆییەكانی.
یەكێتی: بەو پێیەی كە هاوبەشی پارتی بووە، بەهەمان شێوە هێرشی زۆری نەیارەكانی لەسەر بووە. توشی جیابوونەوەی تر بووە (بەرەی گەل). بەڵام لەبەرانبەردا ناوخۆی یەكێتی زیاتر ڕێكخراوە و هەڵمەتێكی توند و بەهێزی هەڵبژاردنی هەبووە كە لە بەرژەوەندی ئەو دەبێت.
نەوەی نوێ: خاڵی بەهێزی میدیا بەهێزەكەیەتی. بەڵام فراكسیۆنە پەرلەمانیەكانی توشی هەڵوەشان و گرفت و كەسی و دژایەتی یەكتر بوون. جگە لە هەڵمەتی میدیایی لەم خولەدا لە واقیعدا كارێكی ئەوتۆیان نەكرد بۆ دەنگدەرانیان و لە هەندێ بابەتیش هەڵوێستیان لاواز بوو، لە هەندێ پرسی تایبەت بە ئایین و جێندەر و ..هتد ڕۆڵیان نەرێنی بوو. سەرەڕای ئەمەش هەردوو لیستی (بەرەی گەل و هەڵوێست) نەیاری سەرەكی ئەون و لە بەشی ئەو دەبەن. بۆیە بەگشتی دەنگ و ڕێژە و كورسی ڕوو لە داكشانە.
یەكگرتوو: یەكگرتوو لە خولەكانی ڕابردوو تر بەهۆی هەڵوێستەكانی ڕووبەڕووی هەڵمەتی گەورەی نەیارەكانی بوویەوە، ڕێژە و كورسی و دەنگی بووە نیوە. لەم خولەدا ئەدای پەرلەمانی بەهێز بوو، وەك ئۆپۆزسیۆن توندتر بوو، ئێستا یەك ئاراستە و هەلوێستە و ناوخۆی تۆكمەترە، چالاكی سەرتاسەری زۆری ئەنجامداوە. لە كەیسی مووچەی فەرمانبەراندا كاری ئەرێنی كرد. لە بابەتی پەروەردەی ئیسلامی و هاوڕەگەزبازی هەڵمەتی توندی كرد. كۆتا هەڵبژاردن ئەنجامەكانی ئەرێنی بوون و چویەوە ئاستی جارانی، بۆیە دەتوانێـت بگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی پێشتری و ئەوەش تێپەڕێنێت.
كۆمەڵ: لە پەرلەمان هەڵوێستی باش بوو، بەڵام بە بەراورد بە خولەكانی تر وەك پێویست چالاك و كاریگەر نەبوو. لە فەزای گشتیدا دەنگی بەرز و كاریگەر نەبوو وەك جاران. بۆیە ئەگەری هەیە حاڵەتی ئاسایی بێت و پاشەكشەیەكی كەم بكات.
گۆڕان: لە كۆتا هەڵبژاردندا تووشی شكستی گەورە بوو و هیچ كورسی نەبرد. لە ئێستاشدا ناوخۆی گۆڕان زۆر نالەبارە. لیستە نوێیەكانیش جێگرەوەی ئەون. ئەگەری زۆرە لە كۆتایی هەموو لیستەكان بێت و كۆتا هەڵبژاردن بێت بەشداری بكات.
بەرەی گەل و هەڵوێست: ناتوانرێت خەمڵاندنی وردیان بۆ بكرێت لەبەر نەبوونی ئەزموونی پێشتر. خاڵی بەهێزی ئەم دوو لیستە پەیوەستە بە كەسی یەكەمیانەوە. كاریگەرییان لەسەر دەنگی پارتی و ئیسلامییەكان زۆر كەمە. دەتوانن بەشێك لەو دەنگانە ببەن كە پێشتر هی گۆڕان و نەوەی نوێ و یەكێتی و دەنگی ناڕازی بوون.
بەهای كورسی
ئەگەر وادابنێین (50%) خەڵكی بەشداری دەنگدان بكات بەهای كورسی لە هەولێر و سلێمانی نزیكەی (14) هەزار دەنگە. لە هەڵەبجە كەمترە لە (10) هەزار دەنگ. بەڵام لە دهۆك بەردەوام زیاتر لە (70%)ی دەنگدەران بەشداری دەنگدانی كردووە و ئەگەری هەیە ئەمجارە زیاتریش بێت. بۆیە بەهای كورسی لە دهۆك دەگاتە (19) هەزار دەنگ و زیاتر.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، هەروەها تێكڕای دەنگی ئەو پارتانە لە هەڵبژاردنەكانی (3) خولی ڕابردوو لەهەر پارێزگایەك، پێشبینی كورسیە گشتییەكانی پارێزگاكان بەم شێوەیە دەبێت:
پارێزگای هەولێر (32) كورسی گشتی:
پارتی (14)، یەكێتی (6)، نەوەی نوێ (4)، كۆمەڵ (2)، یەكگرتوو (1)، بەرەی گەل (1)، هەڵوێست (1).
لە هەولێر (3) كورسی دەمێنێتەوە بۆ بەهێزترین دەنگی ماوە یان هەر گۆڕانكارییەكی تر.
پارێزگای سلێمانی (36) كورسی گشتی:
یەكێتی (13)، نەوەی نوێ (5)، یەكگرتوو (3)، كۆمەڵ (3)، پارتی (3)، بەرەی گەل (3)، هەڵوێست (2)، گۆڕان (1).
كەواتە لە سلێمانی (3) كورسی دەمێنێتەوە بۆ بەهێزترین دەنگی ماوە یان هەر گۆڕانكارییەكی تر.
پارێزگای دهۆك (24) كورسی گشتی:
پێویستە ئەوە بوترێت كە پارێزگای دهۆك جیاوازە لە پارێزگاكانی تر و پارتی هەمیشە پارێزگاری لە ڕێژەی (70%)ی دەنگەكانی كردووە. بەڵام لە ئێستادا یەكگرتوو بەهێزترە و لە كۆتا هەڵبژاردندا كە تەنها لە دوو بازنە بەشدار بوو زیاتر لە (20%)ی دەنگەكانی بردووە. یەكێتی و ئەوانی دیكە توندتر و بەهێزتر بەشداری هەڵمەتیان كردووە، ناڕەزایش لەم خولەدا زیاتر بووە، لەسەر ئەو بنەمایە:
پارتی (15)، یەكگرتوو (4)، یەكێتی (2)، نەوەی نوێ (1).
كەواتە لە دهۆك (2) كورسی دەمێنێتەوە بۆ بەهێزترین دەنگی ماوە یان هەر گۆڕانكارییەكی تر.
پارێزگای هەڵەبجە (3) كورسی گشتی:
ئەوەی گرنگە لێرەدا بوترێت بازنەی ئێستای پارێزگای هەڵەبجە زۆر جیاوازە لە بازنەی هەڵبژاردنی پێشتری ئەنجومەنی نوێنەران (2021) كە زۆرجار بە هەڵە خوێندنەوەی لەسەر دەكرێت.
لەو بازنەیەی ئێستای هەڵەبجە ڕێژەی دەنگەكانی پارتەكان لە هەڵبژاردنی پێشتر بەم شێوەیە بووە:
یەكگرتوو (29.28%)، یەكێتی و گۆڕان (21.79%)، كۆمەڵ (20.25%)، پارتی (14.49%)، نەوەی نوێ (14.16%). لەسەر ئەو بنەمایە كورسیەكانی هەڵەبجە بۆ یەكگرتوو، یەكێتی، كۆمەڵ دەبێت.
دەرەنجامەكان:
یەكەم: لە هەرێمی كوردستان كورسیە مسۆگەرەكان تەنها (87) كورسین و ( كورسی دەمێنیتەوە بۆ ڕوداوی پێشبینی نەكراوە یان بەهێزترین دەنگی ماوە.
دووەم: هەر یەك لە پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێ و یەكگرتوو لە هەر چوار بازنەكە بونیان هەیە، ئەگەر (2) كورسی بۆ ئەوان دابنرێت و (1) كورسیش بۆ لایەنەكانی تر. ئەوە كوسی لایەنەكان لە كۆتاییدا بەم شێوەیە دەبن.
پارتی/ 32-34
یەكێتی/ 22-24
نەوەی نوێ/ 10-12
یەكگرتوو/ 9-10
كۆمەڵ/ 6-7
بەرەی گەل/ 4-5
هەڵوێست/ 3-4
گۆڕان/ 1-2
سێهەم: لەسەر بنەمای ئەو سێ بارستە دەنگەی كە لەسەرەوە باسكرا، بەو پێیەی كورسیە گشتیەكان (95) كورسین، كورسی و ڕێژەكانیان بەم شێوەیە دەبێت:
– بارستە دەنگی پارتی (32-34) كورسی بە ڕێژەی (33.68 – 35.79%).
– بارستە دەنگی یەكێتی (40-47) كورسی بەڕێژەی (42.11 – 49.47%)
– بارستە دەنگی ئیسلامییەكان (15-18) كورسی بەڕێژەی (15.78 – 18.95%)
كەواتە بازنەكان وەك پێشتر دەمێننەوە و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت، تەنها ژمارە و ناوی پارتەكانی بارستە دەنگی یەكێتی گۆڕاوە.
چوارەم: پارتی و یەكێتی وەك دوو لایەنی دەسەڵات لە نێوان (54-58) كورسی دێنن بە ڕێژەی (56.84 – 61.05%). واتە بە زۆرینە دەمێننەوە. لایەنەكانی تری دەرەوەی دەسەڵات (ئەگەر گۆڕانیش لەم بەرە هەژمار بكەین) تەنها (37-41) كورسی دێنن بە ڕێژەی (38.95 – 43.16%).
پێنجەم:
بارستە دەنگەكان لە پەرلەمان گۆڕانكاری تری بەسەردا دێت. كورسی پێكهاتەكان دەچنەوە ژێر سایەی بارستە دەنگی پارتی و یەكێتی. ئەگەری زۆرە بەشێك لە كاندیدە دەرچووەكانیش هەمان كار بكەن، هەروەك چۆن لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەندێكیان ئەو كارەیان كرد.
شەشەم:
دابەشبوونی بارستە دەنگەكان بەسەر پارێزگاكاندا گۆڕانكاریەكی كەمی بەسەردا هاتووە. لە هەر چوار پارێزگاكە بارستە دەنگی پارتی پاشەكشە دەكات و بارستە دەنگی یەكێتی زیاتر دەبێت، بەڵام لە (5%) تێناپەڕێت.
حەوتەم:
زەرەرمەندی سەرەكی لەم هەڵبژاردنەدا پارتی دەبێت بەو پێیەی دەنگە زیاد و زۆرەكانی دهۆك ناتوانرێت بۆ دەرەوەی بازنەی دهۆك لێی سودمەند بێت. لە كاتێكدا پارتەكانی تر بە (14) هەزار دەنگ و كەمتر كاندیدەكانیان سەردەكەوێت، نیوەی كاندیدەكانی پارتی بە (19) هەزار دەنگ و زیاتر سەردەكەون. هەروەها لە پارێزگای هەڵەبجەش كورسی نابات و دەنگەكانی بە فیڕۆ دەڕوات.
بە پلەی دووەم یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك وەك پارتی زەرەرمەندە و ناتوانێت سود لە دەنگە زۆرەكانی وەك پێویست ببینێت، بەڵام ئەگەری زۆرە لە هەولێر و هەڵەبجە پارسەنگی ئەوە بكات و دوو كاندید و زیاتری دەربچێت.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە بەرهەمەكانی توێژەر:
1- پارتەكانی باشووری كوردستان لەنێوان هەڵكشان و داكشاندا، توێژينەوەيەكى شيكاریى بەراوردكاريیە بۆ دەنگەكانى پارتەكانى باشورى كوردستان لەهەڵبژاردنەكانى 1992 تا 2018، (2020).
2- هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2021، جێكەوتە و ئاماژەكانی لەسەر هەڵبژاردنەكانی داهاتوو (2022).
3- پێگەی پارتە ئیسلامییەكان لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا (2022).