سینوار…. کوژرانێکی رێکەوت یان پلان بۆ دانراو؟



ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنێکی بە ڕێکەوت ئەنجامدا، بەڵام ئەم ڕێکەوتە ڕەنگە ڕێرەوەکانی شەڕ لە کەرتی غەززە بگۆڕێت کە زیاتر لە ساڵێکە ناوچەکەی گرتووەتەوە.

دەزگای پەخشی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی ڕێبەری بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و بەرپرسی مەکتەبی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە، “یەحیا سینوار” بکوژێت، دوای ئەوەی لە ناو چەی تەل سوڵتان لە کەرتی غەززە ڕووبەرووبوونەوەیەکی چەکداری ڕوویدا.

 

 ساڵێک بەدوای سینوار دا

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەئامانجگرتنی سینوار لە ئەنجامی پلانێکی ئەمنیدا نەبووە، بەڵکو بە ڕێکەوت لە کاتی تێکهەڵچوونێکی چەکداری سوپای ئیسرائیل و شانەیەکی چەکدارانی لیواکانی قەسام لە ناوچەی تەل سوڵتان لە ڕەفەح کوژراوە، لە شوێنێکدا کە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە ئەو لە جێگەیەکی وادابێت.

 

یەحیا سینوار کێیە؟

یەحیا سینوار لە ساڵی 1962 لە خان یونس لەدایک بووە، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس دادەنرێت.

بەهێزترین پیاوی بزووتنەوەی حەماسە، و داڕێژەری هێرشی 7ی ئۆکتۆبەرە.

لە ساڵی 1988 لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، پێش ئەوەی بە گرێبەستێکی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لە ساڵی 1988 ئازاد بکرێت، لە 2011.

لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا، پزیشکە ئیسرائیلییەکان سەرکەوتوو بوون لە دەرهێنانی وەرەمێک لە مێشکیدا.

پاش ئازادبوونی لە زیندانەکانی ئیسرائیل، پۆستەکانی سەرکردایەتی حەماسی بڕی تا ئەو کاتەی بووە نەخشەداڕێژی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر.

سینوار یەکێکە لە ئەندامانی هەرە دیاری بزووتنەوەی حەماس و یەکەی ئەمنی بزووتنەوەکەی دامەزراند کە بە کورتکراوەی “مەجد” ناسراوە.

ناوبراو، بەرپرسیارە لە کوشتن و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل.

دەرچووی زانکۆی ئیسلامییە لە کەرتی غەززە، شارەزای زمانی عیبری بووە، کە لە ئاستێکی باشدا قسەی پێدەکرد دەوترێت تێگەیشتنێکی قووڵی لە کولتوور و کۆمەڵگەی ئیسرائیلی هەبووە.

سینوار بوو بە فەرماندەیەکی دیار لە لیواکانی عیزەدین قەسام کە باڵی سەربازی حەماسە، پێش ئەوەی ببێتە سەرکردەی بزووتنەوەکە لە کەرتی غەززە.

لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2015 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی خستە لیستی تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکانی خۆیەوە.

دوو مانگ لەمەوبەر دوای تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە تاران، سینوار بووە بەرپرسی نوێی بزووتنەوەی حەماس.

لە ساڵی 2017ەوە سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماسی لە غەززە وەرگرتووە.

ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی فەرمی گیانلەدەستدانی، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 17/10/2024، سوپای ئیسرائیل تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە دەوترا هی سینوارە پێش گیان لەدەستدانی.

لە تۆمارەڤیدیۆییەکەدا کەسێکی دەمامکدار لەسەر قەنەفەیەک دانیشتووە و هەوڵی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بچووکی بێفڕۆکەوان دەدات کە خەریکی وێنەگرتنی شوێنەکە بووە.

سینوار لە ئەنجامی بۆردومانی ئەو ماڵەی کە تێیدا بووە بە سەختی بریندار بووە، دوای ئەوە هێزێکی پیادەی ئیسرائیل فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان نارد بۆ ئەوەی بزانن کێ لەناو ماڵەکەدایە، دەرکەوت ناوبراو هەوڵ دەدات ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بخاتە خوارەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکان، ئەو بینایەی کە سینواری تێدا مابووەوە گەمارۆ دراوە، هەروەها چاکەتێکی سەربازی پڕ لە نارنجۆک لەسەر تەرمەکە دۆزراوەتەوە.

 

وردەکاریی پرۆسەکە

کاتژمێر 10 بەیانی چوارشەممە، سەربازێکی کەتیبەی 410 لە سوپای ئیسرائیل، کەسێکی بینی کە دەچێتە ناو ماڵێکەوە لە گەڕەکی تەلسوڵتان لە شاری ڕەفەح، هێزێکی پیادە لەسەر بنەمای ئەوە زانیارییە دەچنە ناوچەکە.

کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، سێ کەسایەتی گوماناوی بینران کە لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە دەچن، دواتر دەرکەوت کە ئەمانە چەکدارن، و پێدەچێت هاوەڵانی سینوار بن و هەوڵیانداوە ڕێگەی بۆ بکەنەوە، دواتر هێزەکە بە ئامانجی بریندارکردنیان تەقەیان لێکردوون.

یاوەرانی لەسینوار جیابوونەوە ئەو چووە ناو بینایەکەوە و بەشەکەی تری هیزەکەی چوونە ناو باڵەخانەیەکی ترەوە، پاشان تانکێکی ئیسرائیلی گوللەیەکی ئاراستەی ئەو بینایە کرد کە سینواری تێدا بوو.

بەرپرسی یەکەی 450 چووەتە ناوچەی دەوروبەری ئەو دوو باڵەخانەیە، پاشان پێکدادان ڕوویداوە، ئەویش دوو بۆمبی بەرەو سینوار و هاوەڵەکانی فڕێداوە ئەمەش بووەتە هۆی نەمانی پەیوەندی نێوانیان.

پاشان هێزەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان ئاڕاستەی بیناکە کردووە و بینیویانە کەسێک (کە دواتر دەرکەوت سینوارە) بریندار بووە و لە ژوورێکدا دانیشتووە، هەوڵدەدات بەدارێک فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە بخاتەخوار یان دووربخاتەوە، پاشان تانکێکی ئیسڕائیل گوللەیەکی دیکەی بە ئاڕاستەی تەقاندووە.

جارێکی تر کە هێزەکانی ئیسرائیلهاتنەوە ناو ناوچەکە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بوو، کاتێک چوونە ژوورەوە و تەرمەکانیان بینی، تێبینیان کرد کە لێکچوونێک لە نێوان یەکێک لە تەرمەکان و یەحیا سینواردا هەیە.

هەمان رۆژ، سوپای ئیسرائیل، گیانلەدەستدانی سینواری لە غەززە ڕاگەیاند، تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ تەلئەبیب لەپێناو پشکنینی زیاتر.

 

هێرشی 7ی ئۆکتۆبەر و گۆڕینی یارییەکە

ئیسرائیل یەحیا سینوار بە بەرپرسیار دەزانێت لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەو لە سەرووی لیستی داواکراوان بوو بە تاوانی تیرۆر، کە بە یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی پرۆسەی ئاشتی و شەڕ لە غەززە دادەنرێت.

بە وتەی جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا یارمەتی ئیسرائیلیان داوە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، لەنێویاندا یەحیا سینوار.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت کوشتنی سینوار مسۆگەر بکرێت بۆ ئەوەی گورزێکی درێژخایەن لە حەماس بدات، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن پێشبینی پێشکەوتن لەسەر زەوی دەکات سەبارەت بە دۆخی مرۆیی غەززە.

 

داهاتووی شەڕ

کوژرانی سینوار پرسیاری زۆر لەسەر ئایندەی بزووتنەوەی حەماس و چارەنووسی شەڕەکە دەوروژێنێت، بەو پێیەی سینوار بە بەهێزترین پیاوی بزووتنەوەی حەماس دادەنرا و یەکێک لە کەسە کاریگەرەکانە لەسەر سیاسەتەکانی بزووتنەوەکە لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا.

ئەو بۆشاییەی کە سینوار لە حەماسدا بەجێی دەهێڵێت، پڕکردنەوەی ئاسان نابێت .

سینوار بە هەڵوێستە سازش نەکارەکانی و پابەندبوونی بە هەلومەرجی ئاڵۆزەوە سەبارەت بە زۆر بابەت ناسرابوو، جا چ لە کاروباری ناوخۆی فەلەستین یان لە پەیوەندی و دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل.

ئێستا بزووتنەوەی حەماس لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدایە بۆ دیاریکردنی سەرکردە نوێیەکەی و ئاراستەکەی، بەتایبەتی کە سینوار لەکاتێکدا کوژرا کە لە گۆڕەپانێکدا بوو لە لوتکەی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی خوێناویدا.

 

دوای سینوار، کێی تر، لە پلانی ئیسرائیلدایە؟
پێت دوای سینوار، کێی تر، لە پلانی ئیسرائیلدایە؟
“تۆڵەی خوێنی شەهید محەمەد دەكەینەوە”
دوات “تۆڵەی خوێنی شەهید محەمەد دەكەینەوە”
پەیوەندیدر