بنكە و وێستگەكانی دەنگدان، بۆ دەنگدانی تایبەت لە كاتژمێر 7ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارە كراوە دەبن و بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، كاتەكەی درێژ ناكرێتەوە، چونكە پڕۆسەی كردنەوە و داخستنی وێستگەكانی دەنگدان بە ئەلیكترۆنییە.
دەنگدان تەنها بە كارتی بایۆمەتری دەنگدەر دەبێت و ڕێگا نادرێت بە بردنە ژوورەوەی مۆبایل و كامێرا بۆ ناو وێستگە و بنكەكانی دەنگدان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرن، لەو ژمارەیەش، 215 هەزار و 960یان دەنگدەری تایبەت و دوو ملیۆن و 683 و 618ـیشیان دەنگدەری گشتین.
زۆرترین دەنگدەری تایبەت لە بازنەی هەولێرە و کەمترینیش لە بازنەی هەڵەبجەیە.
زۆرترین رێژەی دەنگدەری تایبەت، لە پارێزگای هەولێرە، لە کۆی ملیۆنێک 22 هەزار و 906 کەس کە مافی دەنگدانیان لەو بازنەیە هەیە، 89 هەزار و 791 کەس دەنگدەری تایبەتن.
لە سلێمانی، لە کۆی ملیۆنێک و 87 هەزار و 73 دەنگدەر، 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە.
دهۆک، لە کۆی 729 هەزار و 347 دەنگدەر، 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەتی تێدایە.
هەڵەبجە، لە کۆی 60 هەزار 252 دەنگدەر، 952 کەس مافی دەنگدانی لە هەڵبژاردنی تایبەت هەیە.
لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دا، 165 بنکەی دەنگدانی تایبەت هەن.
لە پارێزگای هەولێر 62 بنکە، لە پارێزگای سلێمانی 57 بنکە، لە پارێزگای دهۆک 33 بنکە، پارێزگای هەڵەبجە، یەک بنکە.
بۆ کارئاسانی ئەو هێزە ئەمنیانە ئەرکەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە، کۆمیسیۆن 12 بنکەی دیکەی لە شارەکانی عێراق کردووەتەوە کە چواریان لە پارێزگای نەینەوا، سیانیان لە پارێزگای بەغدایە.
هەریەک لە پارێزگاکانی کەرکووک، ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالە و واست، بنکەیەکیان تێدا دانراوە.